پەرلەمانی بەریتانیا بڕیایدا هێرشی ئاسمانی بكاتە سەر داعش

پەرلەمانی بەریتانیا بەئامادەبوونی دەیڤید كامیرۆن سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا بۆ بڕیاردان لەسەر روبەڕووبونەوەی تیرۆریستانی داعش كۆبوویەوەو بڕیاریدا وڵاتەكەی لەڕێی هێرشی ئاسمانیەوە بەشداری بكات لەو هاوپەیمانێتیەی بۆ لێدانی تیرۆریستانی داعش پێكهێنراوە.

لەكۆبوونەوەكەدا پەرلەمانی بەریتانیا بەزۆرینەی دەنگ رێگەی بەحكومەتی وڵاتەكەیدا لەڕێی هێرشی ئاسمانیەوە بەشداری بكات لەلێدانی تیرۆریستانی داعش، بۆ ئەو مەبەستەش حزبە سەرەكیەكانی بەریتانیا كە لەپارێزگاران و دیموكراتەكان و ئەحرارو كرێكاران پێكهاتون پاڵپشتی خۆیان بۆ بەشداریكردنی حكومەتی وڵاتەكەیان لەهێرشە ئاسمانیەكان بۆ سەر تیرۆریستانی داعش لەعیراق دوپاتكردەوەو رایانگەیاند كە ئەو هێرشانە یاساین، چونكە حكومەتی عیراق داوای لەبەریتانیاو وڵاتانی تر كردوە بۆ ئەنجامدانی.

دەیڤید كامیرۆن سەرۆك وەزیرانی بەریتانیاش رایگەیاند: وڵاتەكەی پەیوەندی بەو هاوپەیمانێتیە نێودەوڵەتییەوە دەكات كە بۆ روبەڕووبونەوەی تیرۆریستانی داعش لەعیراق پێكهێنراوە، ئەوەش لەبەرژەوەندی بەریتانیایە.  

هەروەها وتەبێژێك بەناوی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیاوە رایگەیاندوە كە هێزەكانی بەریتانیا لەڕێی وشكانیەوە بەشداری هێرشەكان ناكەن، بەڵكو هێرشەكان بۆ سەر تیرۆریستان لەڕێی فڕۆكەو مەشقپێكردنی هێزەكانی پێشمەرگەو سوپای عیراقەوە دەبێت.

هاوكات فلیپ هامۆند وەزیری دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند هێزە وشكاییەكانی وڵاتەكەی بەشداری لەو هێرشانەدا ناكەن



PM:10:52:26/09/2014