ئاسایشی ئاکرێ لەبارەی کوژرانی کارمەندێکیان: دوو کەس دەستگیرکراون

کەمێک پێش ئێستا ئاسایشی ئاکرێ لەبارەی ڕووداوەکەی دوێنێی قەزای بەردەڕەش ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" دوو تۆمەتبار دەستگیرکراون". 

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئاکرێ ئەمشەو یەکشەممە لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاندووە" کاتژمیر (٢:٢٠) خولەکی دواینیوەڕۆی دوێنێ تەرمی کارمەندێکی ئاسایشی شارۆچکەی بەردەڕەش، لەناو ماڵەکەی خۆیدا بەشێوەیەکی دڕندانە شەهیدکراوە، لەوبارەیەوە ئاسایشی ئاکرێ و نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی بەردەڕەش لێکۆڵینەوەیان لەسەر ئەو کەیسە دەستپێکرد". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەسەر ئەو کەیسە دوو کەس دەستگیرکراون بە ناوی(م.خ.خ) و (هـ.ر.ق)، دانیان بە تاوانەکانیان داناوە و لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی شارۆچکەی بەردەڕەش ڕاگیران و بەپێی ماددەی (٤٠٦) لە یاسای سزادانی عێراقی لیکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوام دەبێت.


PM:09:32:29/10/2023