حاسیبەكەی گۆڕان داهاتی هەناردەی نەوتی هەرێم ئاشكرا دەكات

‌عەلی حەمە ساڵح
عەلی حەمەساڵح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بڕی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی تورکیاوە و داهاتی گەڕاوەی ئەو نەوتە ئاشکرا دەکات

عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتار لەسەر لیستی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەیجی تایبەت خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڕی هەناردەکردنی نەوت و داهاتەکەی ئاشکرا دەکات کە ‌تاوەكو ئێستا هەرێمی كوردستان 14 ملیۆن بەرمیل نەوتی رەوانەی توركیا كردووە و وەزیری وزەی توركیاش رایگەیاندوە كه بڕی 400 ملیۆن دۆلار گەشتووەتەوە سەر حیسابی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هالك بانك‌.

عەلی حەمە ساڵح نووسیوویەتی ‌ئەگەر كۆی گشتی ئەم نەوته فرۆشرابێت و نرخی هەر بەرمیلێك بەنزیكەی 100 دۆلار بخەمڵێندرێت دەكاته ملیارێك و 400 ملیۆن دۆلار‌.

ئەندامەکەی بزووتنەوەی گۆران لە پەرلەمانی کوردستان راشیگەیاندووە ‌نزیكەی 40% پارەی ئەم نەوته وەك گەڕانەوەی مافی كۆمپانیاو تێچونی گواستنەوه دەڕوات، بەمەش 60% دەمێنێتەوه بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان. واته: پارەی وەدەستهاتوو لەو 14 ملیۆن بەرمیل نەوته دەگاته 840 ملیۆن دۆلار‌.


عەلی حەمە ساڵح باس لە داهاتی ناوخۆی نەوتیش دەکات ‌ئەمه جگه لەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانه 140 هەزار بەرمیل نەوت لەناوخۆدا دەپاڵێوێت و ئەمەش داهاته بۆ هەرێمی كوردستان. جگه له فرۆشتنی نەوتی رەش و نەفتاو كیرۆسین و ئەو پارانەی دیكه له چوارچێوەی گرێبەستەكاندا وەدستدێت‌. عەلی حەمە ساڵح کە لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن بە حاسیبەکەی گۆڕان ناوی دەهات و بەر لە بوون بە پەرلەمانتار بەرنامەیەکی تایبەتی هەبوو لەبارەی بودجە و داهاتەکان و چۆنیەتی خەرجکردنی بودجە ئاشکرای دەکات ‌لە ئایندەێکی نزیکدا چەند بەرنامەیەکی تایبەت لەسەر فرۆشتنی نەوت و بڕی هەناردەکردنەکەو چەند روونکردنەوەیکی تر لەسەر نەوتی هەرێمی کوردستان بڵاودەکاتەوە‌.



PM:01:58:27/09/2014