هەنگاوی کردراری داخستنی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم دەستیپێکرد

کۆمسیۆنی راگەیاندن و گەیاندنی حکومەتی ناوەندی دەستی بە هەنگاوی پراکتیکی داخستنی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم کرد.

بەپێی نوسراوێکی کۆمسیۆنی راگەیاندن و گەیاندن کە بەرپرسە لە سەرجەم پەیوەندیەکان و میدیا لە عێراق و دەست ماڵپەڕی ( سپی ) کەوتووەو رێکەوتی ئەمڕۆ چوار شەممە ١ ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ ی لەسەرە داوا لە کۆمپانیاکانی مۆبایل لە سەرتاسەری عێراق دەکات کە پەیوەندی نێوانیان ( رۆمینگ ) لەگەڵ کۆڕەکدا ببڕن، بەم پێیە چیتر لە کۆمپانیاکانی زەین و ئاسیا سێلەوە ناتوانرێت پەیوەندی بە تۆڕەکانی کۆڕەکەوە بکرێت، هاوشێوەش ناتوانرێت لە کۆڕەکە پەیوەندی بکرێت بەو کەسانەی کە مۆبایلی ئاسیا و زەینیان پێییە.

لە نوسراوەکەدا کە کۆپیەکی لە خوارەوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە" لەبەر هەبوونی چەندان بابەتی پەیوەندیداری دارایی و یاسایی و هونەری، هەروەها بەدەنگەوە نەچوونی کۆمپانیای کۆڕەک تیلیکۆم بۆ بڕیارەکانی دادگا کە لە ئەنجومەنی دادوەری باڵاوە دەرچووە، سەرباری هۆشداری ئاگادارکردنەوە کە لەدەستەکەمانەوە دەرچووە کە ئەو بڕە پارە زۆرە بدات کە کەوتۆتە سەر ئەستۆی، پێویستە لەسەرتان پەیوەندی خۆتان لەگەڵ کۆڕەک ببڕن".

لەمڕۆوە چیتر هاوڵاتیانی هەرێم و عێراق کە سیماکارتی کۆڕەکیان هەیە ناتوانن لەگەڵ ئەو کەسانە سیمکارتی مۆبایلی کۆڕەکیان پێ نییە پەیوەندی ببەستن. 

مانگی پێشووش لە میانەی ئەو رێوشوێنانەی کۆمسیۆنی راگەیاندن و گەیاندن هێزە ئەمنییەکان قەدەغەی فرۆشتنی سیمکارتی مۆبایلی کۆرەكیان لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی کرد.



PM:05:37:01/11/2023