ئێران.. لەماوەی یەک مانگدا ٧٨ کەس لەسێدارە دراون

لەماوەی مانگی تەشرینی یەکەم دا ٧٨ کەس لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسێدارە دراون کە بەراورد بە مانگەکانی پێشووتر ٥١ حاڵەت زیادی کردووە.

 رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردۆتەوە" کە لە ماوەی یەک مانگی رابردوودا واتە مانگی تەشرینی یەکەمی ٢٠٢٣دا، سزای سێدارەی ٧٨ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە. ئەم ڕێژەیە بە بەراوردکردن لەگەڵ مانگی ڕابردوودا ٥١ حاڵەت واتە بە ڕێژەی ٦٥٪ زیادی کردووە. بەگوێرەی ئەم ئامارە، لە هەر دوو ڕۆژدا ٥ بەندکراو لەسێدارە دراوە".

بە پێێ ئەم راپۆرتە،زۆرترین لەسێدارەدان بەتۆمەتی پەیەندیدار بە ماددەی هۆشبەرەوە بووە و لە ماوەی ئەم یەک مانگە سزای سێدارەی ١٨ بەندکراوی بەلووچ ، ٤ بەندکراوی کورد، ٤ بەندکراوی تورک و ٥ بەندکراوی خەڵکی وڵاتی ئەفغانستان لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراون.

هەروەها رایگەیاندووە" زۆرترین ڕێژەی لەسێدارەدراون لە زیندانەکانی پارێزگای ئەلبورز بووە کە ٢٢ کەس تۆمار کراوە. هەروەها لە زیندانی پارێزگای کرمان ١٠ کەس، پارێزگای فارس ٨ کەس، پارێزگای خوراسانی باشوور ٦ کەس، ئیسفەهان ٥ کەس و گیلان ٤ کەس لەسێدارە دراون و باقی حاڵەتەکانیش لە پارێزگاکانی دیکە تۆمارکراون".
 



PM:09:20:01/11/2023