حەسەن نەسروڵا: هێرشی سەر هێزەکانی ئەمریکا بڕیارێکی ژیرانەیە

ئەمڕۆ هەینی ئەمینداری گشتی حیزبوڵای لوبنانی دوای هەڵگیرسانی شەڕی نێوان بزوتنەوەی حەماس و ئیسرائیل پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" هیچ شەڕێک وەک شەڕ لەگەڵ زایۆنیستەکان شەرعی تر نییە". ڕاشیگەیاند" بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سوریا لەلایەن بەرخۆدانەوە هێرشیان دەکرێتە سەر و ئەمەش بڕیارێکی ژیرانە و بوێرانەیە". 

حەسەن نەسروڵا ئەمینداری گشتی حیزبوڵڵای لوبنان، ئەمڕۆ وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند" ئیسرائیل هیچ دەستکەوتێکی سەربازی لە غەززە بەدەستنەهێناوە". 

وتیشی" هیچ شەڕێک وەک شەڕ لەگەڵ زایۆنیستەکان شەرعی تر نییە، شەڕ لەگەڵ زایۆنیستەکان بێ گومان لە هەردوو ئاستی ئەخلاقی و یاساییدایە". 

ڕاشیگەیاند" هەر لە سەرەتای دەستپێکی شەڕەکەوە حزبوڵای لوبنان بەشداری لە جەنگی ئیسرائیل و غەززە کردووە، لە ئێستاشدا پرۆسەی هێرشەکانمان بۆ تەواوی سنوری باکوری ئیسرائیل دەستپێکردووە". 

نەسروڵا دەشڵێت" هێرشی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا لە سوریا و عیراق بڕیارێکی راست و ژیرانەیە کە هۆکاری سەرەکی کوژرانی ژنان و منداڵان لە کەرتی غەززە ئەمریکای لە پشتە". 

جەختیشیکردەوە، پێویستە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی و حکومەتەکان پەیوەندیەکان بپچڕێنن لەگەڵ ئیسرائیل بپچڕێنن و خۆراکیان بۆ هەناردە نەکرێت، هەناردەی نەوتیش بۆ ئەمریکا رابگیرێت.

ڕۆژی ٧ی مانگی ڕابردوو بزوتنەوەی حەماس هێرشیکردە سەر ناوچەکانی ئیسرائیل، لە بەرامبەریشدا ئیسرائیل وەک وەڵامێک ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی و زەمینی دەستپێکرد و تاوەکو ئێستا زیاتر لە نۆ هەزار هاوڵاتی فەلەستینی گیانیان لەدەستداوە.


PM:06:05:03/11/2023