ئۆزگور ئۆزەل بە سەرۆکی جەهەپە هەڵبژێردرا

دوای ١٣ ساڵ، کڵچدار ئۆغلۆ سەرۆکایەتییەکەی لە (جەهەپە) کۆتایی هات و ئۆزگور گۆزەل جیگاکەی گرتەوە.
 
ئەمڕۆ یەکشەممە ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ لە گەڕی دووەمی دەنگدان بۆ سەرۆکی گشتیی جەهەپە کۆتایی هات و ئەنجامەکەی راگەیەندرا.
 
بەپێی ئەنجامی دەنگدانەکە، ئۆزگور ئۆزەل ٨١٢ دەنگ و کەمال کڵچدار ئۆغڵوو ٥٣٦ دەنگیان بەدەستهێنا، بەمەش سەردەمی دەسەڵاتی کڵچدارئۆغڵو وەک سەرۆکی ئەم پارتە، دوای ١٣ساڵ کۆتایی هات و ئۆزگور ئۆزەل بووە سەرۆکی ئەم پارتە(جەهەپە).

ئۆزگور ئۆزەل لە ساڵی ١٩٧٤ لە مانیسا لەدایک بووە و ٥ خولە پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی جەهەپەیە ویەکێکە لە داکۆکیکاری سەرسەختی ئازادکردنی سەڵاحەدین دمیرتاش، (هاوسەرۆکی پارتی دێمۆکراتی گەلان کە لە ٤ی تشرینی ٢٠١٦وە لەلایەن حکومەتی تورکیاوە دەستگیرکراوە) ئەمڕۆ لە ٣٨مین کۆنگرەی جەهەپە بە سەرۆکی ئەم پارتە هەڵبژێردرا.
 
جەهەپە لە ٩ـی ئەیلوولی ١٩٢٣ لەلایەن مستەفا کەمال ئەتاتورک دامەزرا، لە ساڵانی ١٩٢٣-١٩٥٠دا ١٧ جار لەسەریەک حکومەتی پێکهێنا. پارتەکە بەهۆی بوونی کێشەی نێوخۆییەوە ژمارەیەک سەرکردە لێی جیابوونەوە و پێنج پارتی سیاسییان دامەزراند. لە ساڵانی١٩٦١-١٩٦٥ جەهەپە سێ جاری دیکە حکومەتی پێکهێنا. لە کودەتاکەی ١٩٨١ بۆ ماوەی چوار ساڵ داخرا و بەبڕیاری دادگەی دەستوور لە ساڵی ١٩٨١ دووبارە کرایەوە. ٣٧ کۆنگرەی ئاسایی و ١٩ کۆنگرەی نائاسایی سازکردووە.



AM:09:13:05/11/2023