ئێران.. ٩ کەس بەیەکەوە لەسێدارە دەدرێن

ڕۆژی چوارشەممە ٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ هەواڵدەریی (هارانە) ئێرانی رایگەیاند" ٩ زیندانی بەیەکەوە لە زیندانی قەزاڵ-هسار لە شاری کەرەج، لە سێدارە دران". 

رێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران رایگەیاند" لە نێوان ئەم ٩ زیندانیانەی کە لە بەرەبەیانی  ئەمڕۆ ٨ی ئەم مانگە لە زیندانی قەزاڵ- هسار لە سێدارە دراون، پێنج زیندانی بە تاوانی کوشتن و سێ زیندانی بە تاوانی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان و یەکێکیان بە تۆمەتی دزی چەکداری، لەسێدارە دراون".

بە پێی زانیارییەکانی ئەم رێکخراوە تا ئێستا چەندجارێک لەسێدارەدانی بە کۆمەڵ لەم زیندانە جێبەجێکراوە.

تا ئێستا هیچ زانیارییەک لە ناسنامەی ئەم کەسانەی کە لەسێدارە دراون بەردەست نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، جێبەجێکردنی تاوانەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان لە ئێران بەراورد بە ساڵی ڕابردوو دوو هێندە زیادی کردووە.

لە ئێران جیا لە ماددەی هۆشبەر،بەهۆی تاوانەکانی پەیوەست بە "کوشتن" ساڵانە زۆرترین کەس لە سێدارە دەدرێن.

 ئاژانسی هەواڵدەری(هارانا)  پێشتر ڕایگەیاندبوو" کە لە نێوان ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ تا ٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ لانیکەم ٦٥٩ کەس لە ئێران  لەسێدارە دراون کە ١٧یان ژن و تۆمەتبارێکیان منداڵ بووە". 

 ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە دوایین ڕاپۆرتی باروودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێراندا هەڵکشانی ئاماری لەسێدارەدانی بە ترسناک و مەترسیدار ناوبرد.



PM:07:02:08/11/2023