ئاسایشی هەرێم: له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌ست به‌سه‌ر كێڵگه‌یه‌كی‌ ماددەی هۆشبەردا گیرا

ئەمشەو یەکشەممە ده‌زگای ئاسایشی هه‌رێم لەناو شاری هەڵەبجە دەستگیرکردنی باندێکی سێ کەسیان ڕاگەیاند، "بە تۆمەتى چاندنی ڕووەکی هۆشبەر لە جۆری (حەشیش)". 

هێزەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ دەستگیرکردنی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان و ڕێگریکردن لە بەکارهێنان و بڵاوبوونەوەی ئەو ماددە زیانبەخشانەی کاریگەری خراپیان لەسەر کۆمەڵگە دەبێت، لە دوای چاودێریکردن و بەدەستهاتنی زانیاری وورد، بە فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، لەناو شاری هەڵەبجە دەستگیرا بەسەر کێڵگەیەکی داچێنراو بە ڕووەکی هۆشبەر لە جۆری حەشیش (ماریجوانە) تۆمەتباران بەشێوەیەکی شاراوە ٦٥بن ڕووەکی هۆشبەریان چاندبوو بە مەبەستی بازرگانیکردن". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" دوای هەڵاتنی تۆمەتباران، لە ئۆپراسیۆنێکی سەرکەوتوودا توانرا باندەکە دەستگیربکرێن پێکهاتبوون لە سێ تۆمەتبار، دەستگیرا بەسەر بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەری ئامادەکراو بۆ فرۆشتنەوە، دواتر بە ئامادەبوونی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش سەرجەم ڕووەکە هۆشبەرەکانی ناو کێڵگەکە بەشێوەیەکی زانستی لەناوبران". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئێستادا سەرجەم تۆمەتباران بە ماددەی (٢٦) لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکارە ئەقڵیەکان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکانیان بەردەوامە.


PM:10:02:12/11/2023