ئاسایشی هەولێر: ئەو كەسەی هێرشی كردبووە سەر كەسێك و تۆماری كردبوو دەستگیرکرا

دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كە تێیدا كەسێك "هێرشدەكاتە سەر هاوڵاتییەك و سوكایەتی پێ دەكات"، ئاسایشی هەولێر دەڵێت" تۆمەتبارەكە دەستگیركراوە". 

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە لە راگەیەندراوێكدا بڵاویکردەوە" دوای ئەوەی گرتەڤیدیۆیەک لە دەزگایەکی میدیایی بڵاوکرایەوە کە کەسێک دەردەکەوێت هێرش دەکاتە سەر هاوڵاتییەک و بێڕێزی پێدەکات و روداوەکەش تۆمار دەکات، دوای بەدواداچون لەلایەن هێزەکانمانەوە لە ماوەی چەند کاتژمێرێک ناسنامەکەی ئاشکرا کرا، بە ناوی (ب. ب. ر.) و لەسەر فەرمانی بەرێز دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دەستگیر کرا". 

ئاسایشی هەولێر دەشڵێت" لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوت ئەم گرتەڤیدیۆییە بۆ ساڵ و نیوێک لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بوە لە نێوان ئەو دو کەسەدا کە هاوڕێی یەکترن و هەر ئەوکاتیش گەیشتونەتە رێککەوتن و کۆتاییان بە کێشەکانی نێوانیان هێناوە، هەروەها لەو ماوەیەشەوە تا ئێستا هیچ کەسێک سکاڵای تۆمارنەکردوە بۆ ئەوەی هێزەکانی ئاسایش و لایەنە پەیوەندیدارەکان رێکاری یاسایی بگرنەبەر بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبار".


PM:09:20:13/11/2023