بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم کۆبێتەوە و پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت و داهاتی بەشێك لە وەزارەتەکان تاوتوێ بکات.
بەپێی هەواڵێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێم، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران (ماوە بۆدرێژکراوە) کۆدەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆكانی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی عێراق سەبارەت بە پرسی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەخرێتەڕوو.
ئەوەشی خستەڕوو، بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەكە تایبەت دەبێت بە داهاتی گەڕاوەی ناوخۆی هەندێك لە وەزارەتەكان و سیستەمی ژمێریاری پەیڕەوكراو بۆ فەرمانگەكان.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە، چەند ڕۆژێک پێش ئێستا حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق بە یاوەری شاندێکی باڵا گەیشتە هەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی تاوتوێ کرد.