مامۆستایەکی زانکۆ باس لە پارە بەهەدەردانی کردنەوەی کەناڵە نوێکانی حزبەکان دەکات


مامۆستای زانکۆ د. محەمەد عەلی دەڵێت" بەمزاوانە سێ کەناڵ دەکرێتەوە کە بێ سوودە و بەهەدردانی موڵکی گشتییە".

د. محەمەد عەلی ئەمڕۆ ٢٦ ی تشرینی دووەم لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک نووسیوویەتی " لەھەرێمی کوردستان بەگشتی و شاری سلێمانی بەتایبەتی، تەنھا شتێک کە زۆر زۆرەو ھاوڵاتیان پێویستیان پێی نییە: کەناڵی تەلەفزیۆنییە".

ناوبراو کە پێشتر بەرپرسی ژووری توێژینەوەی سیاسی بزووتنەوەی گۆڕان بووەو دەستیلەکاركێشاوەتەوە لە درێژەی پۆستەکەیدا دەڵێت"  بە تایبەتی لەسەردەمێکدا کە ئینتەرنێت ڕۆڵ و کاریگەری میدیای تەقلیدی (بەتەلەفزیۆنیشەوە) زۆر کەمکردوەتەوە، بڕیارە بەمزوانە ھەرسێ کەناڵی  8ی باڤڵ تاڵەبانی و سبەی چیا نەوشیروان مستەفا و زومی لاھور شێخ جەنگی دەستبکەن بە پەخش".

ئەو مامۆستایەی زانکۆ دەشڵێت " دەبێ جگە لە کەڵەکەبونی سەرمایەی مفتە لەلای کوڕە بەرپرسەکان و چەلەحانێی بێسود و بەھەدەردانی سامانی گشتی و کڕینی میدیاکاران، چ ئیزافەیەکی ئیجابیان ھەبێ بۆ دانیشتوانی ھەرێم؟ (ھەمان پرسیاری بێ وەڵامیش بۆ: K24 و ڕوداوو ئاڤا میدیا).

بڕیارە بەم زوانە هەر سێ کەناڵی ٨ ی بافڵ تاڵەبانی و زوومی نزیک لاهور جەنگی و سبەی چیا نەوشیروان مستەفا بکرێنەوەو ئەڤا میدیای کوڕی مەسرور بارزانیش گۆڕانکاری لە شێوازی ئیشکردنیدا بکات، لەگەڵ دەست بە دامەزراندنی ئەم کەناڵانە بەو پێیەی مووچەیەکی باش دەدرێت بە میدیاکارەکان بە لێشاو رۆژنامەنووسان لە خودی کەناڵەکانی ئەو حزبانەو میدیاکانی ترەوە روویان کردۆتە ئەم کەناڵە نوێیانە. 



PM:05:59:26/11/2023