ڤیدیۆ.. وەسیەتی هونەرمەندی کۆچکردوو (تاهیری خەلیلی) بڵاوکرایەوە

نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە تاهیری خەلیلی هونەرمەندی ناسراوی کورد دڵە گەورەکەی لە لێدان کەوتوو کۆچی دوایی کرد، هەر ئەمڕۆش وەسیەتی هونەرمەندی کۆچکردوو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە و دەڵێت" ئەگەر مردم لە وڵاتەکەی خۆم بمنێژن". 

هونەرمەند تاهیری خەلیلی پێش گیان لەدەستدانی لە دیمانەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا وەسیەتی خۆی بۆ دوای مردنی ئاشکرا کرد و وتی" دوای مردنم بمگەڕێننەوە بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان و لەوێ بمنێژن، هەر کەسێک ئاشقی خاک و وڵاتی خۆی بێت لەقەیەک لە قەبرەکەم بدات ئەگەر کوردستان ئازاد بوو". 

خەلیلی ساڵی ١٩٥٦ لە شاری بۆکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە یەکەمین بەرهەمی هونەری لە تەمەنی (١٥) ساڵیدا بڵاوبووەتەوە، ساڵی (١٩٧٩)ش بووەتە پێشمەرگەی رۆژهەڵاتی کوردستان.

هەروەها تاهیر خەلیلی یەکێک بوو لە هونەرمەندە بە ناوبانگەکانی رۆژهەڵات و سەرتاسەری کوردستان کە خاوەنی چەندین سرودی نیشتیمانی و گۆڕانی و سۆزدارییە کە لە باشووری کوردستان بە سروودی (لە قەندیلی سەربەرزەوە) ناوبانگی دەرکردووە. 


PM:11:13:26/11/2023