براکەی جیهان تەها: تۆ لە پۆستەکانت وا دەرئەکەوێ خۆت کوشتوە؟ یان پێمی بڵێ کوشتویانی؟


برایەکی جیهان تەها ئەو مامۆستایەی لە ناو ئۆتۆمبیلەکەیدا لە ناوچەی بارزانی بە سووتاوی دۆزرایەوە، لە نامەیەکدا دەڵێت " تۆ لە پۆستەکانت وا دەرئەکەوێ خۆت کوشتوە؟ یان پێمی بڵێ کوشتویانی؟ ئەی تۆ نەت ئەوت من توانای لێخورینی سەیارەم نیە بۆ دەرەوەی شار؟ ئەی لە سەیارە لێخورینی دەرەوەی شار نە ئەترسای؟ چۆن گەیشتی بە بلەو بارزان؟".

لە نامەیەکدا کە برایەکی جیهان تەها بەناوی شاخوا تەهاوەیە و لە دەرەوەی وڵات دەژی و لەسەر جۆری مردنی خووشکەکەی نووسیوویەتی دەڵێت" چۆن توانیت ئەم شاخ و داخانە تێ بپەرێنیت؟ ئەی ئافەریم چۆن توانیت سەیارەکەت وەربگێریت و دواتریش خۆتی تیا بسوتێنی؟ چۆن توانیت ئاگرێکی ٤ مەتری لەناو سەیارەکەت هەڵ بکەی کە سەیارەکەت ئەوەندە بچوکە تەنانت ۲۰ لتر بەنزینش لە خۆی ناگرێ؟".

لەو پۆستەدا کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتە براکەی مامۆستا جیهان تەها دەڵێت" ئەی ئافەریم جیهان تو بریاری خۆ کوشتنی خۆتت دابوو، بەڵام ئەم رۆژەت بە ئاسایی بەرێت کردووەو رۆیشتویت بۆ دەوامی خۆتت و قوتابیەکانت فێری دەرس کردوون و دواتر لە قوتابخانە هاتویتە دەرەوە و رۆیشتویت کرێی حەزانەی مناڵەکانی خۆتت داوە؟".

رۆژی ٢٦ی مانگی رابردوو، جیهان تەها لە رووداوێکی هاتووچۆ لە جۆری وەرگەران لە ناوچەی هەڤنکای ناوچەی بارزان ئۆتۆمبێلەکە گڕیگرت بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا، مامۆستا جیهان، نزیکی سێ کاتژمێر پێش مردنی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە پۆستێکیدا نوسیبووی " رێگاکەم بەرەو مەرگە و مەرگ بانگم دەکات". لەو کاتەداهاوڕێیانی مامۆستا جیهان و بەشیک لە مامۆستایانی نزیکی، گومانیان لە مردنەکەی هەبوو.
   
دەقی نامەی براکەی..

سەیرەم بە مردنی تۆ دێ جیهان گیان! 

تۆ ئەتزانی هەموومان تکتی تەیارەمان بری بوو بۆ کوردستان ئەبوو مانگی ۱۱ بۆ ۱۲ هەموومان بە یەکەوە بونایە! 

تۆ ئەتزانی کە برایێکت زەواج ئەکات خۆت بە پێی خۆت رۆیشتی بۆ خوازبێنی براکەت! دڵت خۆش بوو بەم هەواڵەی کە گوایە براکەت ژن دێنێ و ئامادە کاریت ئەکرد بۆ ئەم رۆژانە بە خوشکەکانت ئەوت هەموومان بە یەکەوە جلی کوردی ئەپۆشین و دڵت خۆش بوو بەوەی کەسوکارت ئەگەرێنەوە.

 کاتێک کە گوێ بێستی هەواڵی مردنی تۆ بووم گەرامەوە ماڵە جۆلەکەت ئامادەکریەکانتم ئەبینی تۆ پەردەی پەنجەرەکانت هەمووی شوشتبوو، مافوری ناو ماڵەکات هەمووی شۆرا بوو، تەنانەت بازاریشت کردبوو، عەلاگەی بازاریەکانت لە پێش سەلاجەی دانابوو ئەزانی چیم بینی؟ غەسالەکەت جلی خۆتت تێ کردبوو جلەکنت شوشتبوو؟ بەڵام مردنەکەت رێگر بوو لەوەی جلەکانت لە غەسالە دەر بێنیت تۆ بە ماڵەکەت وتبوو ئەگەرێمەوە، بەڵام مردنت رێگر بووە لەوەی بگەرێیتەوە! 

تۆ لە پۆستەکانت وا دەرئەکەوێ خۆت کوشتوە؟ یان پێمی بڵێ کوشتویانی؟ ئەی تۆ نەت ئەوت من توانای لێخورینی سەیارەم نیە بۆ دەرەوەی شار؟ ئەی لە سەیارە لێخورینی دەرەوەی شار نە ئەترسای؟ چۆن گەیشتی بە بلەو بارزان؟ چۆن توانیت ئەم شاخ و داخانە تێ بپەرێنیت؟ ئەی ئافەریم چۆن توانیت سەیارەکەت وەربگێریت و دواتریش خۆتی تیا بسوتێنی؟ چۆن توانیت ئاگرێکی ٤ مەتری لەناو سەیارەکەت هەڵ بکەی کە سەیارەکەت ئەوەندە بچوکە تەنانت ۲۰ لتر بەنزینش لە خۆی ناگرێ؟

 جەرگەکەم جیهان مردن هەر مردنە لە بلەو بارزان بێت، یاخود لە ماڵەوە بێت ئەی ئاسانتر نەبوو لە ماڵەوە خۆت بکوشت بایە؟ یان بەزۆر تۆیان برد؟ بۆ قسەم بۆ ناکەی خوشکەکەم من لە بێ دەنگی تۆ زۆر بێتاقەت و بێزارم ئەی تۆ لەگەڵ دایکم ۲ مانگ پێش ئێستا بە تەکسی پێکەوە نەرۆیشتن بۆ کەرکوک سەیارەکەی خۆتت نەبرد چونکە لە سایەقی دەرەوەی شار ئەترسای؟ 

ئەی ئافەریم جیهان تو بریاری خۆ کوشتنی خۆتت دابوو، بەڵام ئەم رۆژەت بە ئاسایی بەرێت کردووەو رۆیشتویت بۆ دەوامی خۆتت و قوتابیەکانت فێری دەرس کردوون و دواتر لە قوتابخانە هاتویتە دەرەوە و رۆیشتویت کرێی حەزانەی مناڵەکانی خۆتت داوە؟ ئینجا بەرێ کەوتویت بۆ بلە و بارزان یان بە فێڵ تۆیان بردووە؟! ئا دەی تۆ لە کوێ بێنم بۆ ئەوەی قسەم بۆ بکەی؟ ئەی مادام خۆت ئەکوژیت بۆ بە نامە سەعات ٤‌:١٠ ئێوارە بە کەسێکی ئەندامێکی خێزانەکەمانت وتوە شەحنم لە موبایل نیە کە گەرامەوە ماڵێ تێلت بۆ ئەکەم؟ ئەی بۆ نەگەرایتەوە؟! بۆ ئەبێ برۆی بۆ شوێنێکی ئاوا دوور بۆ خۆ کوشتن ئەی نەت ئەزانی گەر لە شوێنێکی ئاوا خۆت بکوژی لە خەستەخانە و دکتۆر و مەحکەمەی مردنت و تەواوی کەل و پەلی ناو سەیارەکەت و هەرچی شتێکت پەیوەنی بە مردنی تۆوە بێت لەژێر دەستی کەسانێکی غەریبە ئەبێت؟ بۆ بریاری خۆ کوشتنی خۆت لە دەورو بەری شارە گەورەکەی خۆتت نەدا؟ ئەی دوو رۆژ بەر لە مردنت بەیەکەوە لەسەر کامیرە قسەمان نەکرد؟ ئەو کاتەی سەوتت نوسابوو نەخۆش بووی خەریک بوو چاک ئەبوویەوە؟ بۆ پێت نەوتم سەفەری رێگایێکی دوورم هەیە و لەوانەیە نەت بینم یان نەت ئەزانی ئەم سەفەرە ئەکەی ؟



PM:05:43:28/11/2023