لە ئێران شەش بەندکراوی کورد لە سێدارەدران

بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە شەش بەندکراوی کورد لە بەندیخانەکانی ئیلام و کەرەج لە سێدارەدران کە چوار کەسیان خەڵکی پارێزگای ئیلام و دوو کەسەکەی دیکەیان خەڵکی شاری مەهابادن. 

بەپێی هەواڵێكی ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەرەبەیانی ئەمرۆ ئەیوب کەریمی، خەڵکی شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی دوای (١٤) ساڵ زیندانیکردن، لە زیندانی قزڵ حیساری شاری کەرەجی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سێدارەدرا.

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەیوب کەریمی لەگەڵ شەش چالاکوانی دیکەی کوردی بە ناوەکانی (داود عەبدوڵڵاهی، فەرهاد سەلیمی، ئەنوەر خزری، خەسرەو بەشارەت، کامەران شێخە و قاسم ئابستە)، "بە تۆمەتی کوشتنی عەبدولڕەحیم تینا"، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تارانەوە سزای لە سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا. 

جێبەجێکردنی سزای لە سێدارەدانی ئەیوب کەریمی لەکاتێکدایە، ڕۆژی یەکشەممە ٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣، سزای لە سێدارەدانی قاسم ئابستە، یەکێکی دیکە لە هاوڕێکانی ئەیوب كەریمی، هەر لەو بەندیخانەیە جێبەجێکرابوو.


PM:12:15:29/11/2023