مووچەی خانەنشینی کرێکاران زیاد دەکرێت

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق رایگەیاند" مووچەی خانەنشینان زیاددەکرێت بە شێوەیەک کەمترین مووچە دەگاتە ٥٠٠ هەزار دینار".

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣ ئەحمەد ئەسەدی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق لە میانەی سەرپەرشتیکردنی کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەری سندوقی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی رایگەیاند" لەگەڵ دەستپێکردنی یاسا نوێیەکەی خانەنشینی، مووچەی خانەنشینیی کرێکاران زیاد دەکرێت".

ئەحمەد ئەسەدی وتی" شەش ملیۆن کرێکار لە عێراقدا هەن، بەڵام تائێستا ٥% یان تۆمارکراون، وەزارەتەکەمان بەردەوام لەکاردا بووە بۆ زامنکردنی مووچەی گونجاو بۆیان بە تایبەت لە کاتی خانەنشین بوونیاندا مووچەی گونجاویان بۆ دابینبکرێت".

وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق رایگەیاند" لەمیانەی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی کارگێڕی سندوقی خانەنشینی و بیمەی کۆمەڵایەتی بڕیار لەوەدراوە کە لەگەڵ جێبەجێکردنی یاسای نوێی خانەنشینی کەمترین مووچەی خانەنشینی دەبێتە ٥٠٠ هەزار دینار".








PM:07:48:29/11/2023