كوردانی هەندەران بۆ وەرگرتنی چەكی قورس بۆ رۆژئاوا مان لەخواردن دەگرن


ژمارەیەك لەكوردانی دانیشتوی بەریتانیا بە سازدانی خۆپیشاندانێك داوا لە حكومەتی ئەو وڵاتە دەكەن بۆ شەڕ لەگەڵ داعش چەكی قورس بداتە بە كورد.

بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی نۆڤۆستی روسی، ژمارەیەك لە كوردانی دانیشتوی لەندەن بەسازدانی خۆپیشاندانێك داوایان لە حكومەتی بەریتانیا كرد چەكی قورس بە كورد بدرێت تا بەرەوڕووی چەكدارانی داعش بببنەوە.

رۆژنامەی گاردیەن ئەمرۆ بڵاویكردەوە كە ئەم كەسانە لەنزیك نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی بەریتانیان مانیان لەخواردن گرتووە. یەكێك لە خۆپیشاندەران لەمبارەوە دەڵێت: "ئێمە داوا لە حكومەتی بەریتانیا‌و باقی وڵاتانی ئەوروپی دەكەین چەكی قورس دژە تانك بە كورد بدات، تا ئەو كاتەش ئێمە لە مانگرتن بەردەوام دەبین".

خۆپیشاندەران داوا دەكەن ئەو چەكە قورسانە بۆ پارێزەرانی شاری كۆبانی بدرێت‌و رایانگەیاندوە ئەگەر حكومەتی بەریتانیا دژی ئەو داخوازییەیان بوەستێتەوە، جارێكی دیكە جینۆساید روو دەدات.

بەپێی راپۆرتەكە خۆپیشاندان‌و مانگرتنی هاوشێوە لە فەرەنساش لەلایەن كوردانی ئەو وڵاتەوە بەڕێوەچووە.



PM:03:29:01/10/2014