توركیا گۆرانیبێژێک دیپۆرتده‌كاته‌وه‌ و ئێران ده‌ستگیری ده‌كات

ئاژانسی هەواڵی میزان، سەر بە دەزگای دادوه‌ری ئێران ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ رایگه‌یاند، "ئەمیر حسێن مەقسودلو كه‌ نازناوی "تەتەلۆ"ی هه‌یه‌ بەهۆی چەندین سکاڵای تایبەتەوە لە تورکیا دەستبەسەر کرابوو، دواتر دیپۆرتی ئێران كرایه‌وه‌ و له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌وه‌ ده‌ستبه‌جێ ده‌ستگیركرا".

بەپێی راپۆرتی دەزگای دادوه‌ری ئێران، تەتەلۆ کە لە ساڵانی رابردودا لە شاری ئیستانبوڵی تورکیا نیشتەجێ بوە، لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە ڕادەستی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی کراوە،بەگوێرەی راپۆرتەکەی ئاژانسی هەواڵی میزان، چەند ساتێک دوای دەستگیرکردنی تێتلۆ، دەسەڵاتی دادوەری لە پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا فەرمانیكردوه‌ بە لێکۆڵینەوە لەو تۆمەتانەی كه‌ دراوه‌ته‌ پاڵی، بۆ ئەوەی لەگەڵ تەواوبونی لێکۆڵینەوەکان دۆسیەکەی ڕادەستی ئەفسەری دادوەری بکرێت.

ئەو ڕاپۆرتە ئاماژەی بەوەکردوە، داواکارانی تایبەت لە سیستەمی دادوەریدا چەندین سکاڵایان لە دژی تێتلۆ تۆمارکردوە، گرنگترینیان سکاڵای کەسانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ و خێزانەکانیانە لە دژی ئەو بەهۆی دەستدرێژی سێکسی و کردەوەی توندوتیژی، ئاژانسی هەواڵی میزان نوسیویەتی، "لە ماوەی ساڵانی ڕابردودا، تێتلۆ ڕێوشوێنی بەرفراوانی گرتوەتە بەر بۆ بڵاوکردنەوەی گەندەڵی و لەشفرۆشی لەنێو گەنجاندا".

بابازادە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، "ئەم گۆرانیبێژە تۆمەتبارە بە سوکایەتیکردن بە کارمەندانی کونسوڵخانەی ئێران".
چوار ساڵ لەمەوبەر، تێتلۆ لەسەر داوای هێزی پۆلیسی کۆماری ئیسلامی ئێران لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستبەسەرکرا و بەرپرسانی پۆلیسی ئێرانیش رایانگەیاند، "کارەکانی گواستنەوەی ناوبراو بۆ ئەو وڵاتە بەردەوامە، دوای هەفتەیەک ئازاد کرا".

ساڵی٢٠١٤ لە کاتی دانوستانە ئەتۆمییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و وڵاتانی ئه‌وروپا و ئەمریکا، ئەو گۆرانیبێژە بە مۆڵەت و پشتیوانیی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، کلیپێکی بە ناوی " کەنداوی فارس مافی ڕەهای ئێمەیە" لەسەر سەکۆی یەکێک لە کەشتییە دەریاییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرهەمهێنا، لە مانگی ئەیلولی ٢٠١٥ جارێکی تر دەستگیرکرا، لەو کاتەدا تۆمەتباریان کرد بە "هانی گەنجان بۆ ئەنجامدانی گەندەڵی و لەشفرۆشی".



PM:04:09:06/12/2023