دەسەڵاتدارانی ئێران رێگا لە خانەوادەی ژینا ئەمینی دەگرن خەڵاتێکی جیهانی وەربگرن

ئەمڕۆ شەممە ٩ ی کانوونی یەکەم دەسەڵاتدارانی ئێران رێگایان لە خانەوادەی ژینا ئەمینی گرت کە فڕۆکەخانەی تارانەوە بفڕن بۆ پاریس بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆف کە خەڵاتێکی جیهانییە.

میدیاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویانکردۆتەوە، بۆ بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆف لە پەرلەمانی ئەورووپا، ئەمڕۆ بنه‌ماڵه‌ی ژینا ئه‌مینی بڕیار بوو لە فرۆکەخانەی خومەینی تارانەوە بچنە فەره‌نسا، به‌ڵام هێزە ئەمنیییەکان رێگایان نەدا بە موژگان ئێفتخاری، ئەمجەد ئەمینی و ئەشکان ئەمینییان کە ئەو سەفەرە بکەن بەبیناووی قەدەغەکردنی سەفەر، هەروەها دەستیان بەسەر پاسپۆرتەکانیاندا گرتووە.

بەپێی راپۆرتەکانی میدیاکانی رۆژهەڵات، هێزە ئەمنییەکان زیاتر لە یەک کاتژمێر، لە فڕۆکەخانەدا، لێپرسینەوەیان لە بنەماڵەی ژینا ئەمینی کردووە. 

لە کۆتاییدا پارێزەری بنەماڵەی ژینا ئەمینی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ئیزنی سەفەری پێ دراوە و بە نوێنەرایەتی بنەماڵەی ژینا بەشداری لە ڕێوڕەسمی وەرگرتنی خەڵاتی ساخارۆفدا دەکات.

ژینا ئەمینی، کچە کوردی دانیشتووی سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان کە تەمەنی ٢٢ ساڵ بوو، لە زانکۆی ورمێ وەرگیرا بوو، پێش دەستپێکردنی دەوام لەگەڵ براکەی لە تاران بە نیازبوون سەردانی کەسوکارەکەی لە ئەیلولی ٢٠٢٢دا بکەن، بەڵام بەگوتەی کەسوکاری، لە کاتی گەڕانەوەی لە وێستگەی میترۆی شەهید حەققانی، پۆلیسی رەوشتی تاران لەسەر بەستنی سەرپۆشەکەی لێیدەدەن و دواتر لە نەخۆشخانە گیان لە دەستدەدات، ئەم رووداوەش بووە هۆی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانی گەورە گەورە لە ئێران و مەترسی لەسەر رژێمی کۆماری ئیسلامی دروستکرد، بەڵام لە رێگای کوشتن و سەرکەوتکردن و زیندانکردنەوە ئەو ناڕەزایەتیانە کپکرانەوە. 



PM:12:25:09/12/2023