وادەی کۆتاییهاتنی ئەم شەپۆلی بارانبارینە ڕاگەیەندرا

شارەزایەکی بواری کەشناسی ڕایدەگەیەنێت" کاریگەری ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچەکەمان تا بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە دەخایەنێت و دواتر کۆتای پێدێت". 

ئاراس جەبار شارەزای بواری کەشناسی، ئەمشەو لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە" لە رۆژی سێشەممە ١٢ی کانوونی یەکەم لە ئەنجامی کاریگەری نزمە پاڵەپەستۆیەکی دەریای ناوەراست و نزمە پاڵەپەستۆیەکی چالاکی دەریای سوور کە بارستە ھەوایەکی شێداری لەگەڵ دەبێت شەپۆلێکی بارانبارین ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەتا شەپۆلەکە رۆژی سێشەممە بەشێوەی تاوە باران و بروسکە لە کات و ناوچەی جیاجیادا دەستپێدەکات و لە رۆژی چوارشەممە ١٣ی کانوونی یەکەم پێشبینی دەکرێت کاریگەرییەکانی چالاک بێت، بە تایبەت لەسەر ناوچەکانی سنووری پارێزگای (سلێمانی، ھەڵەبجە، ناوچەکانی ئیدارەی گەرمیان و ئیدارەی راپەرین) ئەگەری بارانێکی باش و بەردەوامی دەبێت بۆسەر ناوچەکانی پارێزگای (دھۆک، ھەولێر و کەرکوک) کاریگەری کەمتر دەبێت بەرێژەی مامناوەند و پچڕپچڕ باران دەبارێت، بەھۆی کاریگەری بارستە ھەوایەکی ساردیش ھەر لە رۆژی چوارشەممەدا لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان لە بەرزی زیاتر لە (١٧٠٠) مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە، لە سەنتەری حاجی ئۆمەران ئەگەری بارینی بەفر دەبێت. 

ئەوەشی خستەڕوو، کاریگەری ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچەکان تا بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە ١٤ی کانوونی یەکەم دەخایەنێت و دواتر کۆتای پێدێت، سەبارەت بە ماوەکانی دواتریش بە تایبەت ئەم ماوەیە کە دەنگۆی ھاتنی شەپۆلێکی سەرما و بارینی بەفر لە سەنتەری شارەکاندا بڵاوبووەتەوە ئەم شەپۆلە تاوەکو ئێستا بەشێوەیەکی لاواز لەسەر نەخشەکانی کەشوھەوا دەبینرێت لە نێوان (١٨ بۆ ٢٣)ی مانگ واتا تا ئێستا جێگیر نیە جێگای باس بێت و ئەگەری گۆڕانکارییەکی زۆر دەبێت تا کاتی نزیکبوونەوە لەوانەیە نەمێنێت یان بەشێوازێکی دیکە کاریگەرییەکانی بگۆرێت بۆیە تا ئێستا و بۆ ئەم مانگە ئەگەری بارینی بەفر لە سەنتەری شارەکان و ھاتنی شەپۆلی سەرما لاوازە. 


AM:12:01:10/12/2023