شەپۆلێکی بەهێزی بەفر و لێزمەی بارانبارن‌و هەورە برووسکە هەرێم دەگرێتەوە

رۆژی چوار شەممە هەرێمی کوردستان دەبێتە چەقی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سورو، بارانی بەلێزمە دەبارێت لەگەڵ هەورە برووسکە روودەدات و لە چیاکانیش بەفر دەبارێت.

ئاراز جەبار پسپۆری ناسراوی کەشناسی لە راگەیاندنێکدا کە ئەمڕۆ دوو شەممە ١١ ی کانوونی یەکەم بڵاویکردەوە، هاتووە" سەرەتا لەکاتەکانی ئێوارەی ئەمڕۆ دوو شەممە بۆ شەو بەھۆی درێژبوونەوەی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور بۆ سەر ناوچەکانمان ئاسمانی ھەرێم بەزۆری دەگۆرێت بۆ ھەوری تەواو و لەناوچەکانی رۆژئاوای عێراق و سنوری پارێزگای دھۆک و ئیدارەی زاخۆ لەکاتی جیاوازدا ئەگەری دروستبوونی ھەورە بروسکە و تاوە باران بەرێژەی جیاواز ئەبێت، لەناوچەکانی دیکەدا ئەگەری نمە باران لەھەندێک کاتدا ئەبێت".

ئەو پسپۆرە دەشڵێت" کاریگەری ئەم ناسەقامگیریە تا بەرەبەیانی سبەی سێشەمە بەردەوامی ئەبێت، بۆ سبەی ئاسمانی ھەرێم بەدرێژای کاتەکان ھەوری تەواو ئەبێت لەگەڵ ئەگەری نمە باران لەکات و شوێنی جیاوازدا و پلەکانی گەرما بەرێژەی ١ بۆ ٢ پلە نزمبوونەوە بەخۆیەوە ئەبینێت و خێرای با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند ئەبێت ٥-١٥کم/ک لە ئاراستەی باکوری رۆژھەڵاتەوە" .

لە بارەی لێزمە بارانی بە‌هێزەوە لە چوار شەممەدا، ئاراز جەبار دەڵێت" شەوی سێ شەممە کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆکەی دەریای سوور لەسەر ناوچەکانمان چالاک ئەبێتەوە و بارانبارین لەزۆربەی ناوچەکان دەستپێدەکاتەوە بەرێژەی مامناوەند و رۆژی چوارشەمە ١٣ ی کانوونی یەکەم چەقی کاریگەری ئەم شەپۆلە ئەبێت بەتایبەت لەسەر ناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان بە شێوەی بارانی بەردەوام و ھەندێک کات ھەورە بروسکە و لێزمە باران لەناوچەکانی دیکەشدا ئەگەری بارانی باش و مامناوەند ئەبێت، لەگەڵ بارینی بەفر لەناوچە شاخاویە بەرزەکاندا و نزمبوونەوەی زیاتر لە پلەکانی گەرما".



AM:10:11:11/12/2023