کەمال کەرکوکی: نیگەرانین لەو دۆخەی لە هەڵبژاردنی تایبەتدا بەسەرماندا هات

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی رایگەیاند" ئەوان نیگەرانن لەو دۆخەی لە هەڵبژاردنی تایبەت بەسەریاندا هاتووە، چونکە بەهۆی خراپی بەشیکی زۆر لە ئامرەکانیان نەیانتوانیوە لەو ڕۆژە دەنگ".

کەمال کەرکوکی، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە " لێتان ناشارینەوە کە هەموان نیگەرانین بەو دۆخەی بەسەر هەموو دڵسۆزانی کورد هاتووە، لەوەی کە ١٦ی مانگ ئامرەکان نەیانتوانیووە بە دروستی دەنگ بدەن. ئێمە هەوڵمانداوە هێمنیان بکەینەوە".

کەمال کەرکوکی وتیشی " ئێستا برا پەیوەندیدارەکانمان لە لیژنەی باڵای هەڵبژاردنەکان چی لە کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق چی لە کەرکوک لە هەوڵی بەدواداچوونن، بزانن هۆکارەکان چین. جاوەڕێین ئەنجام چی دەبێت و دەگات بە کوێ''.

 کەمال کەرکوکی راشیگەیاند" دڵنیام خەڵکی کەرکوک بە پاکی و بە دڵسۆزی دەنگ دەدەن بەو لایەنەی کە دەزانن داکۆکی لە مافەکانیان دەکات".

وتیشی، "ئەگەر بەرهەمی ئەم هەڵبژردنە بە پاکی و بە دڵسۆزی و دروستی بە بێ دەستکاریکردن جیابکرێتەوە، زۆرینەی کورسیەکان کورد و دڵسۆزانی پێکهاتەکان کە باوەڕیان بە پێکەوە ژیان هەیە کە دەنگ بۆ لیستەکانی کورد دەدەین، زۆرینەی دەنگەکان بەدەست دەهێنین و ئەو پارێزگارە دەستنیشان دەکەین کە لە بەرژەوەندی خەڵک و خاکی کەرکوکدایە".

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیانی پارتی رایگەیاند" بەربژێرەکان نەکەوتوونەتە گیانی یەکتر لە کەرکوک. هەرلایەنە و ئیش بۆخۆی دەکات، هەموان دەیانەوێت خۆیان باشتر بن. لە ئەنجامیشدا بەیەکەوەین لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک".

کاتژمێر ١٨:٠٠ ئەمڕۆ دووشەممە ١٨ی کانوونی یەکەم، ناوەندەکانی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق داخران، ئەوەش دوای ١١ کاتژمێر لە دەنگدان و بڕیارە سبەی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی پارێزگاکانی عێراق راگەیەندرێت.

لە هەڵبژاردنەکەدا زیاتر لە ١٥ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان بۆ هەڵبژاردنی ٢٨٥ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەنێو نزیکەی شەش هەزار بەربژێر هەبوو.



PM:06:25:18/12/2023