لە شاری کرماشانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێزێکی ئەمنی کۆماری ئیسلامی ئێران بەشێوەیەکی نایاسایی هەڵیانکوتایە سەر ماڵی کیومەرس ئەمیری توێژەر و شاعیری ناسراوی کورد.
ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە" بەرەبەیانی دوێنێ دووشەممە هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەشێوەیەکی نایاسایی و بەبێ هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و یاسایی، هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی کیومەرس ئەمیری کەلەجۆیی ناسراو بە لەک ئەمیر شاعیر و نووسەر و ڕۆژنامەنووس و توێژەر کە بە تەواوەتی ماڵ و کەلوپەلە تاکە کەسییەکانیان پشکنیووە".
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار کە هەنگاو ئاماژەی پێکردووە" هێزە ئەمنییەکان وێڕای هەڕەشەکردن و خولقادندنی دۆخێکی ترسێنەر و پڕ لە دڵەڕاوکێ، لە وەڵامی داوای مۆڵەت و بەڵگەیەکی یاسایی بۆ چوونە ژوورەوە لەلایەن لە کەمیرەوە، نامەیەکیان بە نووسراوێکی ناڕوون پیشان داوە و تەنانەت ڕێگەیان نەداوە ئەو شاعیرە بە تەواوەتی دەقی نووسراوەکەی ناو نامەکەش بخوێنێتەوە".
لەک ئەمیر شاعیرێکی ناسراوی کوردە کە بە کوردی خوارین و بەتایبەت شێوەزاری لە کی شیعر دەنوسێت و چەندین بەرهەمیشی لە بوارە جیاوازە ئەدەبییەکاندا چاپ و بڵاوکراونەتەوە، وەک کۆمەڵە چیرۆکی (شینێک بۆ تۆ و گۆرستانی بەستوو).