ئەنجومەنی وەزیران: داوا لە حکومەتی فیدراڵ دەکەین کێشەی مووچەخۆرانی هه‌رێم بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکات

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێم و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران (ماوە بۆدرێژکراوە)، کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا و تیایدا وێڕای تاوتوێكردن و خستنه‌ڕووی دوو بڕگه‌ی تایبه‌ت به‌ دۆسیەی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ و نەوت و گاز لەلایەن وەزیرە پەیوەندیدارەکان، داواش له‌ حكومه‌تی فیدڕاڵ ده‌كات کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم بە شێوەیەکی بنەڕەتی چارەسەر بکات.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێم، ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، لە بڕگەی یەکەمدا، دوایین پێشهاتەکانی هەردوو دۆسیەی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵ و نەوت و گاز لەلایەن وەزیرە پەیوەندیدارەکانەوە خرایەڕوو، دووپاتیان کردەوە کە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ گەڵاڵەکردنی پرۆژە یاسای هەموارکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدڕاڵ تاکوو ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت بۆ پەسەندکردنی بە ئاراستەی خەرجکردنی شایستەی دارایی هەرێمی کوردستان لەپێش هەموویانەوە، شایستەی مووچەخۆرانی هەرێم، لەبەرانبەریشدا هەرێمی کوردستان، پابەندییەکانی خۆی ڕاپەڕاندووە و هەردوو دیوانی چاودێریی داراییش ئەرکی وردبینی و پێداچوونەوەی خۆیان تەواوکردووە و هەرێمی کوردستان لەم ڕووەوە ئاسانکاریی تەواوی پێشکەش کردووە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە" ئەنجومەنی وەزیران جەختی لەوە کردەوە کە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، شایستەی دارایی مووچەخۆرانە و چاوەڕوانیمان لە حکومەتی فیدڕاڵە لە ساڵی نوێی ٢٠٢٤ ئەم کێشەیە لە بنەڕەتەوە چارەسەر بکات و شایستەی دارایی مووچەخۆران، تێکەڵی ناکۆکییە سیاسی و پابەندییەکانی دیکە نەکات و مووچەخۆرانی هەرێمیش هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق، مووچەكانیان لەکاتی خۆی وەربگرن کە ئێستا بەداخەوە بەهۆی نەناردنی بەشە بودجەی هەرێم، مووچەی سێ مانگی ئەمساڵ خەرج نەکراوە و بارگرانیی دارایی و ئابووری بۆ مووچەخۆران و هاووڵاتییانی هەرێم دروست کردووە کە بەرپرسیارێتی حکومەتی فیدڕاڵە مووچەی مووچەخۆران بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان بنێرێت".

هەر بە پێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێم ، ئەنجومەنی وەزیران پاشان لە بڕگەی دووەمدا، ماددە و بڕگەکانی ڕەشنووسی یەکەمی (ڕێنمایی کارکردنی کرێکاری بیانی لە هەرێمی کوردستان) لەلایەن دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانەوە خرایەڕوو و ئاماژەی بەوە دا کە ئامانج لەم ڕێنماییانە، ڕێکخستنی مۆڵەتی کار و ڤیزا و نشینگە و ڕێگریکردنە لە هاتنی کرێکاری بیانی بە شێوەی نایاسایی و ڕەخساندنی هەلی کاری زیاترە بۆ گەنجانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەک کە خاوەنی کۆمپانیاکان زیاتر ڕوو لە کرێکار و کارمەندانی ناوخۆ بکەن، لە هەمانکاتدا، دڵنیایی و پارێزراوی کار و مانەوەی کرێکارانی بیانیش بێت لە هەرێم تاکوو سوود لە ئەزموون و شارەزایی ئەو کارمەندە بیانیانە وەربگیرێت کە پسپۆڕییان لە بوارە جیاجیاکاندا هەیە.

لە کۆتاییدا عەبدوڵڵا حاجی مەحموود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، چەند پێشنیارێکی بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو کە تایبەت بوو بە زیندانیکراو و گیراوانی سیاسی بەپێی شایستەی یاسایی دیاریکراوی خۆیان بۆ زامنکردنی ماف و شایستەی ئەوانەی کە شایستەن و هەروەها ڕێگرتن لە سوودمەندبوونی ناڕەوا لە مووچە و ئیمتیازاتی گیراو و زیندانیانی سیاسی لەبەر ڕۆشنایی حوکمەکانی پەیڕەوی ژمارە(٤)ی ساڵی ٢٠٢٠ تایبەت بە ئاسانکاریی بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی.

ئەنجومەنی وەزیران پێشنیارەکانی پەسەند کرد و وەزارەتیشی ڕاسپارد لە هەوڵەکانیان لەگەڵ نوێنەرایەتیی هەرێم لە بەغدا بەردەوام بن بۆ پابەندکردنی حکومەتی فیدڕاڵ بە دابینکردنی مووچە و ئیمتیازاتی زیندانیان و گیراوانی سیاسی لە لایەن حکومەتی فیدڕاڵ بەپێی ماددەی ١٣٢ی دەستووری عێراق ئەم بەرپرسیارێتیە لە ئەستۆی حکومەتی فیدڕاڵە.





PM:06:55:20/12/2023