بەغدا.. سێ باندی بە قاچاخبردنی دۆلار دەستگیر دەکرێن

لە بەشی کەرخی بەغدا سێ باندی بە قاچاخبردنی دۆلار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە دەستگیرکران. 
 
عەمید تەحسین عەلی، بەڕێوبەری بەرەنگاربوونەوەی تاوانی رێکخراو بەغدا- کەرخ رایگەیاند" قارەمانانی بەڕێوەبەرایەتییەکە، سێ تۆڕیان لە بەری کەرخ دەستگیرکرد، کە دۆلاریان بە قاچاخ دەبردە دەرەوە و یارییان بە دراو دەکرد. ئەمانە لە بۆسەیەکی تووندوتۆڵدا لەناوچەکانی مەنسوور، سەیدیە و حارسییە دەستگیرکران، بڕە پارەیەکی زۆریان پێگیراوە کە بۆ ناردنە دەرەوەی وڵات ئەم پارەیان بەکارهێناوە پێچەوانەی رێنماییەکانی بانکی ناوەندی عێراقی."
 
عەمید تەحسین عەلی راشیگەیاند" بردنە دەرەوەی دۆلارەکان لە رێگەی کارتەوە بووە، کە ئەم کارەتانەیان بە نرخێکی کەم لە خەڵک کڕیوە، دواتر حەواڵەی دۆلاریان بۆ دەرەوە پێکردووە، لە دەرەوەی وڵاتیش پارەکەیان راکێشاوە و دواتر لە نێو عێراق بە نرخی بازاڕی  فرۆشتوویانە". 
 
یەکێک لە تۆمەتبارەکان باس لە شێوازی کارکردنەکەیان دەکات و دەڵێت، "لە ٢٠٢١دا، نووسینگەیەکی ئاڵوگۆڕکردنی دراوم کردەوە، مۆڵەتی بانکی ناوەندییم نەبوو، بە رێککەوتن لەگەڵ نووسینگەکانی دەرەوەی عێراق و نووسینگەی وەهمی لەنێوخۆی عێراقدا کارمان کردووە و پارەکەمان پاکتاوکردووە، ئۆفیسەکەم لە ناوچەی مەنسوور بوو لە باڵەخانەیەکی نیشتەجێبووندا''.
 
تۆمەتبارێکی دیکە باس لەوە دەکات"خەڵک دەهاتن، پێماندەگوتن، پارەکە بە کارتی ئێوە دەبەین، ئەوانیش دەچوون کارتەکەیان لە نووسینگەکان دەردەکرد، ئێمەش بە ناوی ئەوانەوە دۆلارمان پێوەردەگرت، لە بەرامبەردا بڕە پارەیەکمان پێدەدان کە ٥٠ هەزار  یان ٣٥ هەزار دینارێک بوو''.
 
حکومەت و بانکی ناوەندیی عێراق بۆ رێگریکردن لە بردنە دەرەوەی دۆلار و کۆنترۆڵکردنی بازاڕ کۆمەڵێک رێکاریان گرتووەبەر لەوانە بڕیارە لە ساڵی نوێەوەوە، هەموو مامەڵەیەکی نێوخۆیی بە دینار بێت.
 
بەپێی مادەی ١٦٤ لە یاسای سزادانی عێراق هەر کەسێک زیان بە ئابووری و سیاسەتی ئابووری عێراق بگەیێنێت سزاکەی لە سێدارەدانە. ساڵانەش زیاتر لە ١٠ ملیار دۆلار بە قاچاخ دەبرێتە دەرەوەی وڵات.



AM:11:57:22/12/2023