حکومەتی تورکیا جارێکی تر راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی تا رۆژی ٢٢ ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ درێژکردەوە.
بەپێی ئاگادارکردنەوەیەک کە " سپی " بینیوویەتی و ئاگاداری فڕۆکەخانەی سلێمانی کراوەتەوە، جارێکی تر راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی بۆ شەش مانگ و ٢٢ رۆژ درێژکرایەوە.
بەپێی ئەو نوسراوە کە ٢١/١٢/٢٠٢٣ نێردراوە بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی هاتووە" سڵاو.. دەمانەوێت ئاگادارتان بکەینەوە تا کاتژمێر ٢١:٥٩ ی رۆژی ٢٢ ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ راگرتنی گەشتەکان دەمێنێتەوە".
بە تۆمەتبارکردنی ناوچەکانی سلێمانی و یەکێتی بە هاوکاریکردنی گەریلاکانی پەکەکە، حکومەتی تورکیا لە ٣ی نیسانی ٢٠٢٣ ەوە گەشتە ئاسمانییەکانی خۆی و ئاسمانی وڵاتەکەشی لەگەڵ فڕۆکەخانەی سلێمانی راگرت، هەر لە ساڵی پاردا تورکیا جارێکی تر راگرتنی گەشتەکانی لەگەڵ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی تا وەکو ٢٠٢٤/١/٣ درێژکردەوە، رۆژی ٢٠٢٣/١٢/٢١ ش راگرتنی گەشتەکانی سەرلەنوێ تا ٢٠٢٤/٦/٢٢ درێژکردەوە.