جەمال کۆچەر: کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەر دەکرێت

ئەندامێکی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند" لە ساڵی داهاتودا کێسەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەر دەبێت".

جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند"لیژنەیەک لە ڕاویژکارانی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عیراق و شاندی دانووستانکاری هەرێم پێکهاتوون بۆ چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و کێشەی نەوت".

وتیشی" لیژنەکە کار لەسەر دوو بڕگەی یاسای بودجە دەکات، یەکەمیان هەمواری یاسای بودجە و جیاکردنەوەی خەرجی فعلی و دووەمیان، گۆڕانکاری لەسەر تێچووی نەوت لە ٦ دۆلارەوە بۆ ئەو ژمارەیەی وەزارەتی نەوتی عێراق دیاری دەکات".
جەمال کۆچەر راشیگەیاند" لە ئێستادا لیژنەکە سەرقاڵی کارەکانیانن و پێموایە کێشەی مووچە لە ساڵی داهاتوودا چارەسەر بکەن".

ئەمە لەكاتێكدایە، كە تاوەكو ئێستا فەرمانبەرانی هەرێم مووچەی مانگەكانی (١٠ و ١١ و ١٢)ی ئەمساڵیان بۆ خەرج نەكراوە و حكومەتی هەرێمیش لە بەیاننامەی كۆبوونەوەی ڕۆژی چوار شەممەی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیراندا جەختی لەوەكردەوە، كە هەموو پابەندییەكانی سەرشانی جێبەجێ‌ كردووە، بەڵام حكومەتی عێراق پشكی بودجەی بۆ نەناردووە و مووچەی ئەو مانگانەی نەدراون لە ئەستۆی حكومەتی فیدراڵییە.



AM:12:05:24/12/2023