"ئەمریکا لە عێراق لە چوارچێوەی ڕاوێژکاریی دەرچووە، بووەتە هەڕەشە"

نوری مالکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لەگەڵ قەیس خەزعەلی، ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەق کۆبوونەوە و ڕایانگەیاند،" بوونی ئەمریکا لە عێراق لە چوارچێوەی ڕاوێژکاریی دەرچووە، بووەتە هەڕەشە".

ئێوارەی ڕۆژی سێ شەممە ٢٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣، بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی بزوتنەوەی عەسائیب، لەکۆبوونەوەی ئێوارەی نێوان مالکی و خەزعەلی باس لەوەکراوە، هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق لە سیفەتی ڕاوێژکارییەوە بوونەتە مایەی هەڕەشە بۆسەر دەوڵەتانی ناوچەکە.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا ئەو دوو سەرکردە شیعەیە داوایانکردووە، هێزەکانی ئەمریکا عێراق جێبهێڵێت.

بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە سەربازگەیەکی میلیشیاکانی نوجەبا کە یەکێکە لە میلیشیا شیعەکان، ڕوبەڕووی هێرشی ئاسمانیی ئەمریکا بووەوە، ئەوەش وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ هێرشکردنەسەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن گروپی مقاوەمەی عێراقییەوە.

فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" لە وەڵامی ئەو هێرشانەی لە عێراق و سوریا دەکرێتە سەر هیزەکانمان، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەسەر فەرمانی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا چەند پێگەیەکی حزبوڵامان لەناو خاکی عێراق بە ئامانج گرتووە، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بۆ ئەو هێرشەی کە بنکەیەکی سەربازی لە هەولێر کردە ئامانج و لە ئەنجامدا برینداربوونی سێ سەربازی ئەمریکی لێکەوتەوە". 


AM:12:05:27/12/2023