پارتی:فرە جەمسەری ناو یەکێتی هۆکاری ئاڵۆزیەکانە لەگەڵ پارتی

ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتیی دیموکراتی کوردستان(جەعفەر ئێمینکی)، ڕاشکاوانە دەڵێ" پارتی و یەکێتی پێویستیان بە یەکدی هەیە و نایانەوێ بۆ شەڕی سارد و گەرم بگەڕێنەوە، بەڵام نەیشاردەوە کە ئێمە وەهای تێ دەگەین کە فرەجەمسەریی نێو یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، هۆکاری ئاڵۆزییەکان و ئەم دۆخەیە نەخوازراوەیە".

لە چاوپێەکەوتنێکی تایبەتی ماڵپەری فەرمی پارتی   KDP.info لەگەڵ ئەندامی مەکتەبی سیاسی جەعفەر ئیمنکی دەڵێت" کەسە دەستڕۆییشتووەکانی یەکێتی لەگەڵ خراپبوونی پێوەندییەکان نیین. ماوەیەک لەمەوبەر (کاک مەلابەختیار) هاتە سەر خەت و ڕەخنەی لە هەموو ئەوانە دەگرت کە لەبەرانبەر بە شینی هاووڵاتیان بۆ کارەساتی شنگال، شاییان دەبەست، هەڵبەت خەڵکانێکیشیان هەن کە بیرتەسک و دڵ پڕ لەکینەن، بەڵام ئەمە حاڵەتێک بوو و هەروەک چۆن داگیرکردنی شنگال بە کاتی دەبینین و ڕزگار دەکرێتەوە و هاووڵاتیانیشی لەو دۆخە دەربازیان دەبێ، بۆ پێوەندییەکانیش بە هەمان شێوە، ئێمە خۆمان بۆ خۆدەربازکردن لەو ئاڵۆزییەی نێوانمان لەگەڵ یەکێتیدا ئامادە دەکەین."

ئەو پێیوایە بێ مام جەلالی کاریگەری هەیە لەسەر رەوشی یەکیتی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتی و دەڵێت"پرسی شنگال یەکێک لەو پرسانەی هێندەی دی، دۆخی پێوەندییەکانی پارتی و یەکێتی و ئاڵۆزتر کرد، هەندێکی یەکێتییەکان شکستی چەند بەرپرسێکی پارتییان لەو دەڤەرە لە بەرانبەر بە داعشدا، بۆ دژایەتیکردنی پارتی قۆزتەوە و خراپ قسەی لەسەر دەکەن".

ئەو دەڵێت"نایشارینەوە کە بێ (مام جەلالی) بە سەرکردایەتیی یەکێتییەوە دیارە، چونکە ئەگەر سووکە کێشەیەک دەبوو، ئەو و سەرکردایەتیی پارتی زوو چارەیان بۆ کێشەکانیان دەدۆزینەوە".

لەسەر ئەو کەسە بەرپرسانەی لەناو یەکێتی کە پەیوەندیان خراپە لەگەڵ پارتی ئیمنکی دەڵێت" بە پێچەوانەوە هەر ڕەخنەیەکمان دەربارەی شکستی شنگال قبووڵە و هیچ کات تۆمەتمان نەداوەتە پاڵ یەکێتی، بەڵام ئەو شێوازەی کە خەڵکێکی بەرپرس لە نێو یەکێتی، نموونەی بەرپرسی مەڵبەندەکەیان لە نەینەوا، ناچنە خانەی هەست بە بەرپرسارەتی و پێوەندیی دوو حیزبی هاوپەیمانەوە، ئەو وەک دوژمنێک باسی لە پێشمەرگە و پارتی دەکرد کە ناحەقیێکی زۆری کرد، دیارە ئەو کە خۆیشی لە ئەوێ بووە و یەکێک لە شکستخواردووەکانە، ئەگەر بڕیار بێ پێشمەرگە لە ناوچەکە هەندێک پاشەکشەی کردبێ، ئەوا ئەو بەرپرسی مەڵبەندەی یەکێتی پاشەکشەکەی بۆ نێو خاکی سووریا بوو، باشووری کوردستانی جێ هێشتبوو، ئەمە لە کاتێکدا کە زیاتر لە هەزار پێشمەرگەی لەگەڵدا بوون.. باشە ئەو چی لێ هات، ئەی بۆ ڕەخنە لە خۆی ناگرێ؟، دەی با ڕەخنەی لە خۆی گرتبا ئینجا هاتبایە سەر پارتی و ئەو کاتە ئاسایی دەبوو، بەڵام تۆ شکستی خۆیشت بخەیتە ئەستۆی پارتی کارێکی ڕەوا نییە."

سەبارەت بە هەموارکردنەوەی دەستور ناوبراو دەڵێت"ڕەنگە دەنگ لە نێو یەکێتیدا هەبن کە بڵێن پێویستی بە هەموارکردنەوە هەیە، ئێمەیش هەمان شت دەڵێین و بە پێویستی دەزانین، چونکە ئێمە پێمان وایە لە ئێستادا کورد تەجاوزی ئەو قۆناخەی کردووە کە تەنیا دوو جەمسەری لە گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمدا باڵادەست هەبن، بەڵکە ئێستا خەڵکی دیکەیش، بە دەنگ و هێز و کورسی و جەماوەریانەوە لە مەیدانن. بۆیە لەسەر ئەو باوەڕەین کە لە ئێستادا بەدەستهێنانی دەستوورێکی هەمیشەیی بۆ هەرێمی کوردستان، لەم قۆناخە دەربازمان بکات و بمانخاتە قۆناخێکی نوێوە و لە ڕێککەوتنی ستراتیژی نێوان ئەم و ئەو حیزب ڕزگارمان ببێ و بە پابەندبوون بەو پەیماننامەیە(دەستوورە) مامەڵە بکەین. دەبێ دەستوور ببێ بە مەرجەع و ئەوکات هەمووان وابەستە دەکات و پێوەندییەکانمان ڕێک دەخاتەوە."

دەربارەی پرسی دەستوور زیاتر دەڵێ، "سەرباری ئەوەی دەستوور بە دەنگی 96 پەرلەمانتار و لە ڕێی لیژنەیەکی 36کەسییەوە دەرچووە و پەسند کراوە، بەڵام بە ڕەچاوگرتنی ڕووداوە خێراکان، ڕای وەها دەکەوتن کە ئەم دەستوورە هەموار بکرێتەوە، ئەمەیش نابێتە هۆی ئەوەی بە نیگەرانییەوە لەم پرسە بڕوانین و دەخوازین پێیدا بچینەوە و کۆدەنگیی نیشتیمانی لەسەر بێ"، گوتیشی کە لەم خوڵەی پەرلەماندا ئەم ئەرکە بە چێ دەگەیەنین."

سەبارەت بەپەیوەندی ئەوان و پەکەکە،ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی وتی "ئێمە و هەم پەکەکەیش هەوڵی باشمان داون بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ڕۆژئاوا، بەڵام هەنگاوەکانمان بە جیا و پێکەوەیش سەرکەوتوو نەبوون، ئەمەیش وابەستەی دۆخی هەنووکەیی ڕۆژئاوا و سووریایە کە دۆخێکی تایبەتە، دیارە کە سەرلەنوێ هەوڵەکانمان چڕتر دەکەینەوە تا دۆخی ڕۆژئاوا لە ڕووی پێکەوەژیان و قبووڵکردنی یەکدی و فرەحیزبییەوە باشتر ببینین، چونکە دواجار یەکدی قبووڵکردن لە بەرژەوەندیی خەڵک و هاووڵاتیانماندایە، لەو گرژییەی ئێستایش ڕۆژئاوا تێیکەوتووە، ئێمە بە ئەرکی خۆمان هەڵستاوین، وەک پارتیی دیموکراتی کوردستان، وەک شەریکی ئاساسی لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆڵمان لە پشتیوانیکردنی پێشمەرگەی ڕۆژئاوادا بینیوە، ئەوەی لە توانادا بووبێت لە خراپترین ئاستی پێوەندییەکاندا ئێمە هاوکاریمان کردوون."
سەبارەت بە ناردنی پێشمەرگە بۆ رۆژئاوا ئیمنکی دەڵێت" "بەپێی یاسای ژمارە یەکی ساڵی 2005 دەبێ سەرۆکی هەرێم بڕیار بدات دەبێ، بەڵام جووڵاندنی هێز بۆ دەرەوەی سنووری هەرێمی کوردستان دەبێ ڕەزامەندیی پەرلەمانیشی لەسەر بێ. ناردنی هێز بۆ کۆبانی، دڵنییام کە ئەگەر ڕێگا هەبێ و لە ڕووی جیۆگرافی و کردەییەوە بتوانی هێز بگەیەنیتە کۆبانی و کاریگەری هەبێ، ئەوا سەرۆکی هەرێم بڕیاری ناردنی دەدات و دڵنیاییشم پەرلەمانیش بە کۆی دەنگ ڕەزامەندی لەسەر دەدات، بەڵام کۆبانی مەسەلەیەکی هێندە ئاسان نییە تۆ لێرەوە هێز ڕەوانە بکەیت.. ئەگەرچی حەز ناکەم ستەم لە کەس بکەم، بەڵام نازانم ڕۆژئاوا بۆ ئەم پرسە لە چ دۆخێکدایە، خۆ هێزی تر هەن، لە کانتۆنی جەزیرە هێزی زۆرهەن و دەتوانن لەوێوە بۆ کۆبانیی ببەن و ئاسانترە، ئەوان نزیکترن، یان بۆ هێزی چیای شنگال نابەنە کۆبانی؟، خۆ ئەو هێزەی کە بە لای ئێمەوە کەمە و ئەوان دەڵێن زۆرن، ناتوانن لە ئێستادا چ ڕۆڵێک ببینن، تا پێشمەرگە نەگاتە چیای شنگال جگە لە حاڵەتی بەرگری شتێکی دیکەی لە دەست نایەت، خۆ خەڵکیش لەوێ نەماون بڵێن ڕێکیان دەخەین، ئەوان لەوێ چ دەکەن؟ باشە کەواتە ئەو هێزەیش دەتوانن بچنەوە بۆ کۆبانی. جیا لەمانە، لە ڕۆژئاوا خەڵكێک هەن ڕاهێنانیان بینیوە و پێشمەرگەی باشن، سەر بە لایەنەکانی تری ڕۆژئاوان، هەڵبەت دەچێت چەکدار لە سوپای ئازاد وەربگریت، داوای پێشمەرگەی باشووریش دەکات، ئەدی باشە بۆ هێز لە هاووڵاتیانی خۆت و ڕێکخستنەکانی دیکەی ڕۆژئاوا وەرناگری! خۆ ئەو هێزە کوردستانیانەی ڕۆژئاوا نزیکەی 3 تا 4هەزار پشێمەرگەیان هەیە، دەشڵێن دەتوانن تا 10هەزار پێشمەرگە ئامادە بکەن و بچنە بەرەکانی جەنگ و دژ بە داعش بوەستنەوە، بۆ کانتۆنی کۆبانی کە سەرکردایەتیی خۆی هەیە و بۆ داوا لە هێزەکانی نێوخۆیی ناکات؟".

لە دوا بڕگەی قسەکانیدا ئیمنکی لەسەر بۆردومانی فرۆکە جەگییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر بنکەکانی داعش لە نزیک کوبانی، ئەو دەڵێت" هاوپەیمانان بە کۆششی سەرۆک بارزانی لە تیرۆریستانی دەوروبەری کۆبانی دەدەن" 



PM:11:29:04/10/2014