لە سنە مامۆستایەکی زمانی کوردی بۆ جێبەجێکردنی سزای بەندکردنەکەی دەستگیرکرا

مامۆستایەکی زمانی کوردی و ئەندامی لیژنەی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی فەرهەنگی کۆمەڵایەتی نۆژین، بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای یەک ساڵ بەندکردنی دەستگیرکرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندی سنە گواسترایەوە. 

بەپێی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەمڕۆ شەممە سەیوان ئیبراهیمی مامۆستای زمانی کوردی، دوای بانگکردنی لەلایەن جێبەجێکرانی سزاکانی دادگای سنە، دەستگیرکرا و بە مەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکردنی یەک ساڵەی بۆ بەندیخانەی ناوەندی ئەو شارە گواسترایەوە و سزای ١١ ساڵ بەندکردنەکەی لە دۆسیەیەکی دیکەدا لە دادگای پێداچوونەوە لەبەر دەستدایە و لە ئەگەری پشتڕاستکردنەوەی ١٠ ساڵ لەو سزایە جێبەجێ دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، مانگی سەرماوەزی ئەمساڵ سەیوان ئیبراهیمی لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر کەرەمی، بە تۆمەتی "پێکهێنانی گرووپ و دەستە بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی گشتی" سزای ١٠ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "چالاکی دژ بە حکومەت" سزای یەک ساڵ بەندکران و سەرجەم سزای ١١ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

هەروەها پێشتر سەیوان ئیبراهیمی بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی هاوژینەکەی زارا محەممەدی، ڕۆیشتبووە دادگای شۆڕشی شاری سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا و دواتر بە دانانی بارمتە ئازادکرا.


PM:06:06:30/12/2023