لەكەمپی حیزبی دیموكرات تەقە دەكرێت‌و پێشمەرگەیەك گیان لەدەست دەدات


شەوی رابردوو لە كەمپی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران تەقە كراوە‌و بەپێی زانیارییەكان پێشمەرگەیەك گیانی لەدەستداوە.

 كاتژمێر 10:30 خولەكی شەوی رابردوو 12ی پوشپەڕ، لە مقەڕێكی پێشمەرگەكانی سكرتاریەتی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران تەقە كراوە‌و بەهۆیەوە پێشمەرگەیەك گیانی لەدەستداوە.
لەمبارەیەوە كۆمیسیۆنی سیاسی نیزامی حیزبی دیموكرات لە راگەیەنراوێكدا هەواڵەكە بڵاودەكاتەوە‌و ئەو هەواڵەش رەتدەكاتەوە كە لە سایتی وشە بڵاوكراوتەوە.

دەقی راگەیەنراوەكە:

راگەیەندراوی کۆمیسیۆنی سیاسی ـ نیزامی سەبارەت بە گیان‌ لەدەست‌دانی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکرات


ساعت ٩:٢٠ دەقیقەی ئێوارەی رۆژی شەممە رێكەوتی ١٢/٧/١٣٩٣ی هەتاوی بەرانبەر بە ٤/١٠/٢٠١٤ی زایینی لە نزیك بنكەیەكی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران چەند تەقەیەك دەبیسترێ ‌و دەست‌بەجێ تیمی پێشمەرگەكانی حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران دەگەنە شوێنی تەقەكە.
بە گەیشتنی ئەو تیمە دەردەكەوێت كە بەداخەوە پێشمەرگەیەكی حیزب بە ناوی "یەزدان حەمیدنژاد" كوڕی نەریمان خەڵكی شاری ئیسلام‌ئاباد سەر بە پارێزگای كرماشان، گوللەی بەركەوتووە ‌و گیانی لەدەست داوە.

بەدوای ئەو رووداوەدا دەست‌بەجێ لەلایەن حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران ‌و پولیس ‌و ئاسایشی شاری كۆیە لێكۆلینەوە لەو رووداوە دەستی پێ كردووە.

لەو پێوەندییەدا جێگای داخ ئەوەیە سایتی "وشە"، بەبێ‌پرسیار لە حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران ‌و ئاگاداربوون لە چۆنییەتی ئەو رووداوە كەوتووەتە بڵا‌وكردنەوەی هەواڵێكی ناڕاست ‌و هەڵبەستراو ‌و ئامانجدار كە بە تەواوی رەتی دەكەینەوە.

ئاسایییە دوای بە ئاكام گەیشتنی لێكۆلینەوەكانی دەزگا پێوەندیدارەكان لەو بارەوە، رای گشتی لێ ئاگادار دەكرێتەوە.

كۆمیسیۆنی سیاسی ـ نیزامی
حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران
١٣ی رەزبەری ساڵی ١٣٩٣ی هەتاوی
٥ی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠١٤ی زایینی



PM:12:53:05/10/2014