رۆژهەڵاتی کوردستان.. مێردمنداڵێکی کورد بەهۆی ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکان گیان لەدەست دەدات

مێردمنداڵی کوردی رۆژهەڵاتی کوردستان کە بەهۆی لێدان و کوتانی هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی بە سەختی بریندارکرابوو، لەکاتی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا.

ئەمڕۆ چوارشەممە ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٣ ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رایگەیاند" مێردمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵ خەڵکی شاری سەردەشتی رۆژهەڵاتی کوردستان بەناوی بەرزین حەمزەزادە، کە لە بزووتنەوەی(ژن، ژیان، ئازادی) ساڵی رابردوودا دەستگیرکرابوو و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە ئەشکەنجە درابوو، ئەمڕۆ لە ژێر نەشتەرگەری گیانی لەدەستدا".

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە کە بنەماڵی ئەم مێردمنداڵە وتویانە پێش دەستگیر کردنی هیچ نەخۆشییەکی نەبووە و تەندروستی باش بووە.

هەروەها هەنگاو لەزاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادر بڵاویکردووەتەوە"  بەرزین حەمزەزادە بەهۆی ئەشکەنجەدان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە کاتی دەستبەسەربووندا دوای ئازادی چەند جار لە هۆش خۆی چووە".

بەپشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو" لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی زیاتر لە ٣٠٠ منداڵ لە شارە جیاوازەکانی کوردستان دەستبەسەرکراون کە هەتا ئێستا ناسنامەی ١٩٣ کەسیان بۆ هەنگاو ئاشکراکراوە".



AM:12:12:04/01/2024