بەشێك لە كێشەكانی هاوڵاتییانی خەلەکان چارەسەركرا
رێگای (دوكان – رانیە) كرایەوە

قائیمقامیەتی قەزای دوكان رایدەگەیەنێت" كۆتایی بە خۆپیشاندانی هاوڵاتییانی سنووری ناحیەی خەلەكان و خدران هات و بڕیار لەسەر جێبەجێكردنی بەشێك لە داواكارییەكانیان دراوە". 

قائیمقامیەتی قەزای دوكان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" سیروان سەرحەد قائیمقامی قەزای دوكان بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە لێپرسراوانی سنوورەكە سەردانی نوێنەری خۆپیشاندەرانیان لە گوندی كانی وەتمان كرد و لەگەڵ نوێنەری خۆپیشاندەرانی سنوورەكە كۆبووەوە و گفتوگۆیان لەبارەی داواكاری و گرفتەكانی هاوڵاتییانی سنوورەكە كرد كە ماوەی چەند رۆژێكە رێگای سەرەكی دوكان ـ رانیەیان داخستووە و داوای جێبەجێكردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ سنوورەكەیان دەكەن". 

لە راگەیەندراوەكەدا ئەوەش هاتووە" دوای گوێگرتن لە داواكاری هاوڵاتییان، بەڵێندرا بەشێك لە داواكارییەكانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ نووسینگەی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم جێبەجێبكرێت". 

ئاماژە بەوەشکراوە، داواكارییەكانی هاوڵاتییان جێبەجێدەكرێن و كۆتایی بە خۆپیشاندان لە سنووری ناحیەی خەلەكان و خدران هاتووە و ڕێگەکەش بە ڕووی بارهەڵگرەکاندا کراوەتەوە. 


AM:09:26:05/01/2024