لە ئێران هونەرمەندێکی کورد دەستگیرکرا

شۆڕش ئەبوبەکری ناسراوە بە (شۆڕەسوار) هونەرمەند و گۆرانیبێژی کوردی خەڵکی شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیرکرا. 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو بڵاویکردەوە" بەرەبەیانی دوێنێ دووشەممە شۆڕش ئەبوبەکری هونەرمەندی لاوی خەڵکی شاری سەردەشت لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستگیرکراوە". 

ڕێکخراوی هەنگاو لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ئاماژەی بەوەشکردووە، شۆڕش ئەبووبەکری لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ماڵەکەی خۆیدا بەبێ هیچ نوسراوێکی یاسایی دەستگیرکراوە. 

تائێستا هۆکاری دەستگیرکردنی شۆڕش ئەبوبەکری نەزانراوە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی لەم بارەیەوە بێ وڵام ماوەتەوە.

شۆڕش ئەبوبەکری ساڵی (١٩٧٩) لە شاری سەدەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دایکبووە، خاوەنی بڕوانامەی دیپلۆمی زانستەکانی ئینسانییە، ساڵی ٢٠٠٥ یەکەم گۆرانی بە ناوی (بەهەشتی ئارەزوو) لەگەڵ شەهباز شاهین‌ پوور تۆمارکردووە، لە ٢٠٠٢ فێرگەیەکی موسیقای بە ناوی (ماهور) لە سەردەشت دامەزراند، هەروەها لە پاییزی ساڵی (٢٠٠٩)دا لە سەرڕاوە فێرگەیەکی دیکەی هونەری بە ناوی (ئاوای کورد) دامەزراندووە.


AM:08:34:09/01/2024