کۆمکاری عەرەبی بڕیارێکی حەوت خاڵی لەبارەی هێرشی ئێران بۆ سەر هەولێر پەسەند دەکات

کۆمکاری عەرەبی بڕیارێکی حەوت خاڵی لەبارەی هێرشی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر دەرکردووە،و دەڵێت" عێراق مافی هەیە پەنا بۆ سەرجەم رێگە دیپلۆماسی و یاساییەکان بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پێشێلکارییانە ببات".

کۆمکاری عەرەبی لە کۆبوونەوە نائاساییەکەی ئەمڕۆ چوارشەممە ١٧ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤، کە لەسەر داوای عێراق بوو، رایگەیاند" هێرشەکەی ئێران بووەتە هۆی کوشتنی ژمارەیەک هاووڵاتی و زیانگەیاندن بە شوێنی سڤیلنشین،و هێرشێکی دوژمنکارانە بووە بۆ سەر سەروەریی عێراق و ئاسایشی گەلەکەی".
 
کۆمکاری عەرەبی هێرشە مووشەکییەکەی شەوی دووشەممەی ئەم هەفتەیەی ئێران بۆ سەر هەولێری بە " پێشێلکردنی پرەنسیپی دراوسێیەتی باش و یاسا و رێککەوتننامە و نەریتە نێودەوڵەتییەکانی زانیوە، سەرجەم پاساوەکانی حکومەتی ئێرانیشی بۆ هێرشەکەی رەتکردووەتەوە، کە بەپێی کۆمکاری عەرەبی ئەو پاساوانە ماف ناداتە هیچ وڵاتێک، سەروەریی وڵاتانی دیکە پێشێل بکات و ژیانی هاووڵاتییان بخاتە مەترسییەوە و بە پێی بڕیارەکە لەگەڵ یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرووەکان ناگونجێت".
 
کۆمکارەکە بڕیارێکی حەوت خاڵی لەبارەی پەلامارەکەی ئێران بۆ سەر شاری هەولێر دەرکردووە و، سەرجەم لێکەوتەکانی ئەو پێشێلکارییە دەخاتە ئەستۆی ئێران و رایگەیاندووە" پێشهاتێکی مەترسیدارە و رەنگە دووبارەبوونەوەی ببێتە هۆی تێکدانی ئاسایش و ئاشتی لە ناوچەکەدا".
 
کۆمکاری عەرەبی لە بڕیارەکەیدا جەختی لەسەر یەکێتی و سەروەریی خاکی عێراق لە دژی هەر دەستدرێژی و پێشێلکارییەکی دەرەکی کردووەتەوە و دەڵێت" عێراق مافی هەیە پەنا بۆ سەرجەم رێگە دیپلۆماسی و یاساییەکان بۆ وەڵامدانەوەی ئەو پێشێلکارییانە ببات".
 
کۆمکاری عەرەبی داوای لە ئەندامی عەرەبی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کرد هاوئاهەنگی لەگەڵ عێراق بکات بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانیی تەواو بۆ دەرکردنی بڕیاری سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر عێراق لەلایەن ئەنجوومەنەکەوە.
 
کۆمکاری عەرەبی، ئەنجوومەنی باڵیۆزانی عەرەب لە نیویۆرک، جنێف، ڤییەنا، بڕۆکسل، واشنتن، پاریس، پەکین و مۆسکۆی راسپارد بڕیارەکەی رەوانەی وەزیرانی دەرەوەی ئەو وڵاتانە و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بکەن، داواش لە ئەمینداری کۆمکاری عەرەبی بکرێت داوای ناوەڕۆکی بڕیارەکە بۆ وڵاتانی ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش و سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان بکات.

شه‌وی دوشه‌ممه‌ ١٥ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤ سوپای پاسدارانی ئێران بە چەندین موشەکی بالیستیکی چەند ناوچەیەکی سڤیلنشینی هەولێری بوردومان کرد و به‌هۆیه‌وه‌ چوار هاوڵاتیی سڤیل شەهیدبون و شەش هاوڵاتی دیکەش برینداربون.




 




PM:08:09:17/01/2024