چەك‌و تەقەمەنی دەگاتە دەست هێزەكانی پاراستنی شەنگال


بەرپرسی پەیوەندییەكانی ھێزی پاراستنی شنگال رایده‌گه‌یه‌ینێت، لە لایەن وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراقەوە چەكی جۆراوجۆرمان پێگەیشتووە و گەیەنرایە ھێزەكانمان لە چیای شنگال.

شێخ داود كاڵۆ بەرپرسی پەیوەندیەكانی ھێزی پاراستنی شنگال لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ سەبارەت بە ھێرش و پێكدادانەكانی ئەم دواییە وتی: "چەكدارانی داعش بەردەوام ھێرش دەكەن و دەیانەوێ ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی ئێمە بگرن، ھەروەھا ھەوڵی تەقاندنەوەی مەزارگە پیرۆزەكانمان دەدەن، بەڵام ئێمە بەھەموو شێوەیەك بەرگری دەكەین، چەند رۆژێك پێش ئێستا رێكخراوی تیرۆریستی داعش بە ھێزێكی زۆرە ھێرشی ھێنا بەھۆی كەمی تەقەمەنی نەمانتوانی بەردەوامبین و ماوەی زیاتر لە ١٠ سەعات شەڕمان كرد."

كاڵۆ ھەروەھا وتی: "لە ئێستادا لەگەڵ ھێزەكانی یەپەگە بەرگری لە ناوچەكە دەكەین لە كۆمەڵگای دوگرێ، چەكدارانی داعش لە ناوچەكانی رۆژھەڵاتی سنونێ پێشڕەویان كردووە ھەروەھا بەشێك لە ناوچەكانی رۆژئاوای كۆمەڵگای دووگرێیان دەست بەسەردا گرتووە كە دەكەوێتە سنووری سوریا و عێراق."

سەبارەت گەیشتنی پێداوێستی خۆراك و چەك و تەقەمەنی بۆ ناوچەكانیان لە چیای شنگال و دەورووبەری كاڵۆ وتی: "دوو رۆژ پێش ئێستا لە لایەن وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری عێراقەوە چەكی جۆراوجۆرمان پێگەیشتووە و گەیەنرایە ھێزەكانمان لە چیای شنگال. ئەو چەكانەش پێكھاتوون لە جۆرەكانی بیكه‌یسی و ھاوەنی گەورە و تەقەمەنی پێویست."



PM:03:47:08/10/2014