"هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر"

دژەتیرۆری کوردستان (پارتی) لەبارەی بڵاوبوونەوەی هەواڵەکەی ئەمڕۆی گروپی مقاومەی ئیسلامی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران ڕوونکردنەوەیەکی بۆ ڕایی گشتی بڵاوکردەوە و دەڵێت" هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر فڕۆکەخانەی هەولێر". 

لە راگەیەندراوەکەی دژەتیرۆری کوردستان (پارتی)دا هاتووە" ئەمڕۆ یەکشەممە لە ژمارەیەک میدیا و کەناڵی راگەیاندنی سەر بە میلیشیاکان وا بڵاوکرایەوە گوایە بە درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشکراوەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، هاوکات لە ژمارەیەک کەناڵی ناوخۆییش کە زۆر تامەزرۆی راستی لێدانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرن، بەبێ پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە و بەدواداچوونی میدیایی، ئەو هەواڵەیان بڵاوکردەوە".

دەشڵێت" ئەم هەواڵە بێبنەما و ناڕاستە و ئەمڕۆ هیچ هێرشێک نەکراوەتە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر". 

ڕوونکردنەوەکەی دژەتیرۆری کوردستان لە کاتێکدایە، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ گروپی مقاومەی ئیسلامی ئاماژەیان بەوەکرد کە بنکەی هێزەکانی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی هەولێریان کردووەتە ئامانج.


PM:06:45:28/01/2024