باسم عەوادی: سەرکۆنەی ئاڵۆزبوونی بەردەوام دەکەین لە ناوچەکەدا

وتەبێژی حکومەتی عێراق سەرکۆنەی ئاڵۆزبوونی دۆخەکە لە ناوچەکە دەکات،و دەڵێت" ئەو پێشهاتانە هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی دروست دەکەن".
 
ئەمڕۆ دووشەممە ٢٩ی کانونی دووەمی ٢٠٢٤ باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند" سەرکۆنەی ئاڵۆزبوونی بەردەوام دەکەین، بە تایبەت ئەو هێرشەی دوایی کە لە سنووری سووریا- ئوردن روویدا."
 
باسم عەوادی وتیشی" بە نیگەرانییەکی زۆرەوە چاودێری پێشهاتە مەترسیدارەکانی ناوچەکە دەکەین."
 
وتەبێژی حکومەتی عێراق هۆشداری کاریگەرییەکانی ئەم گرژیانە لە ناوچەکەدا دەدات و دەڵێت" بەشێوەیەکن کە هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە و نێودەوڵەتی دروست دەکەن و هەوڵەکانی بنبڕکردنی تیرۆر و مادەی هۆشبەریش پەک دەخەن و بازرگانی و ئابووری و گەیاندنی وزەش رووبەڕووی ئاستەنگ دەکەنەوە".

"لە کاتێدا عێراق داوا دەکات تووندوتیژی رابگیرێت، جەختیش لە ئامادەیی دەکاتەوە بۆ کارکردن لەسەر مامەڵەیەک کە ناوچەکە لە پێشهاتی زیاتر دوور بخاتەوە و دۆخەکە چارەسەر بکات، بێ فروانبوونی بازنەی ململانێکان".(وتەبێژەکەی حکومەتی عێراق وتی).

دوێنێ یەکشەممە هێرشێکی درۆنی کرایە سەر بنکەیەکی سوپای ئەمریکا لەنێو خاکی ئوردن نزیک لە سنووری سوریا و لە ئەنجامدا سێ سەربازی ئەمریکی کوژران و ٢٥ی دیکەش برینداربوون



PM:02:07:29/01/2024