ئاسایشی هەولێر لەبارەی گروپێکەوە هۆشداری بە هاوڵاتیان دەدات

ئاسایشی هەولێر ڕایدەگەیەنێت" كۆمەڵێك کەسی لە یاسادەرچوو كە زۆرینەیان لە نەتەوەی عەرەبن و بەشێوەی گروپ کار دەکەن و سەرنجی خەڵكی رادەکێشن و کامیرایان بۆ دەکەنەوە". 

بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر، دوانیوەڕۆی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویکردەوە" ماوەیەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک و ئینستاگرام، كۆمەڵێك کەسی لەیاسادەرچوو لە هەردوو ڕەگەزی پیاو و ژن كە زۆرینەیان لە نەتەوەی عەرەبن و بەشێوەی گروپ کار دەکەن، خەڵکی چەند وڵاتێکی عەرەبی جیاوازن و هەندێکیان نیشتەجێی شارەکانی خواروی عێراقن، نامە دەنێرن و خۆیان دەکەنە هاوڕێی خەڵك".

ئەوەش هاتووە" ئه‌و كه‌سانه‌ سەرنجی خەڵكی رادەکێشن و کامیرایان بۆ دەکەنەوە و بەشێوەیەكی نەشیاو خۆیان نیشانی بەرامبەرەكانیان دەدەن، لەم ڕێگەیەشەوە ڤیدیۆی كەسانی قوربانی تۆمار دەکەن و دواتر هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتە ڤیدیۆییەكان دەکەن". 

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووە" سەرەتا پێش ئەوەی قسە لەگەڵ بەرامبەرەكەیان بکەن، لەگەڵ هەموو ئەو کەسانەی برادەری كەسەكەن یان خزم و کەسوکارین، لە فەیسبوک یان ئینستگرام، خۆیان دەکەنە هاوڕێ، پاشان ئەو گرتە ڤیدۆییەی تۆماریانکردوە ڕەوانی دەکەن بۆ سەرجەم هاوڕێ و خزمەکانی قوربانییەكە یان لە بەرامبەر بڵاونەکردنەوەی گرتە ڤیدۆیەکان، داوای پارەی لێ دەکەن کە شێوازی پارەدانەکەش بە ڕێگای دراوە ئەلیکترۆنییەکان دەبێت، بۆ ئەوەی بەئاسانی ناسنامەکانیان ئاشکرا نەبێت، هەر بۆیە داوا دەکەین ئاگاداری پەیوەندییەكانتان بن لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان و متمانە بە کەسێک مەکەن کە نازانن کێیە و بۆچی مەبەستێک پەیوەندی پێتانەوە كردوە". 


PM:02:30:03/02/2024