سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك هەڵنەبژێردرا

 بەهۆی بەشدارینەکردنی لیستی توركمان و عەرەب، نیسابی یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك تەواو نەبوو، سەرۆكی بەتەمەنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك ڕایگەیاند" كۆبوونەوەكە ناكرێت و هەڵدەگیرێت".

ئەمڕۆ لیستەكانی یەكێتی و پارتی و مەسیحی چوونە ناو هۆڵی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك، پەروین فاتح وەك بەتەمەترین ئەندام سەرۆكایەتی كۆبوونەوەكەی كرد و ڕایگەیاند" كۆبوونەوەكە هەڵدەگرن بەهۆی تەواو نەبوونی ڕێژەی یاساییەوە".

دواتر ڕێبوار تەها، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك و سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" پابەندی بانگەوازەكەی پارێزگاری بەوەكالەت بوون بۆ كۆبوونەوە، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبوونی لیستی توركمان و عەرەب كۆبوونەوەكە دواخرا".

ڕاشیگەیاند" كەركوك شاری پێكەوەژیانە و هەلێكی دیكە دەدەین بەو لیستانە تاوەكو لەسەر بنەمای تەوافوق ڕێكبكەوین و لە داهاتوودا ئەنجوومەن كۆببێتەوە".

ئەمڕۆ ٨ ئەندام لە کۆی ١٥ ئەندام کە رێکارە یاساییەکانیان تەواوکردووە، لە هۆڵی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک ئامادەبووین و ئەوەش رێژەی یاسایی تەواو نەکرد.

PM:06:24:05/02/2024