هۆشداری لە دروستبوونی لافاو دەدرێت


پسپۆرێکی کەشناسی هەرێم هۆشداری دەدات لەبارەی بارانبارینی بەخوڕی سبەی پێج شەممەو ئەگەری دروستبوونی لافاو.

ئاراس جەبار پسپۆری بواری کەشناسی لە پۆستێکدا دەڵێت" سبەی پێنجشەمە لەئەنجامی کاریگەری مامناوەندی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست و قوڵبوونەوەی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور و نیمچە دوورگەی عەرەبی کە بارستە ھەوایەکی زۆر شێداری لەگەڵدا ئەبێت ئاسمانی ھەرێمی کوردستان بەدرێژای کاتەکان ھەوری تەواو ئەبێت لەسەرجەم ناوچەکان لە خانەقینەوە تا زاخۆ ھەورە بروسکە و لێزمە باران دەبێت".

ئەو پسۆرە کەشناسییە لە درێژەی هۆشدارییەکەیدا دەشڵێت " لەزۆربەی کاتەکاندا لەگەڵ تاوە بارانی بەھێز و تەرزە لەھەندێ کات و شوێندا وە ئەگەری دروستبوونی لافاو لەسەنتەری پارێزگای ھەولێر و بەتایبەتیش ھۆشداری بە دانیشتوانی سنوری پارێزگای کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان ئەدەین کە پێشبینی بارانێکی زۆر زیاتر دەکرێت لەم ناوچانەدا و ئەگەری لافاوی بەھێز ئەبێت پێویستە خۆتان پارێزن لەو شوێنانەی رێرەوی ئاوی باراناویان پێدا تێپەردەبێت یان نزمن بەڕاورد بە بەرزایەکانی دەوروبەریان".

لە بارەی پلەکانی گەرماوە، پێشبینی دەکات، پلەکانی گەرما بەڕاورد بە ئەمڕۆ ٢ تا ٣ پلە نزمتر ئەبێتەوە ، خێرای با مامناوەند چالاک ئەبێت ١٠- ٢٥کم زیاتر لە کاتژمێرێکدا و ئاراستەی با باشور و باشوری رۆژھەڵات ئەبێت لەگەڵ باراندا سبەی خۆڵبارین بەردەوامی ئەبێت لەناوچەکانی پارێزگای کەرکوک و ھەولێر و گەرمیان لەشەودا کۆتای بە خۆڵبارینەکە دێت" .

لەبارەی بەردەوامی ئەم شەپۆلەوە، ئاراس جەبار دەڵێت" کاریگەری قۆناغی یەکەمی ئەم شەپۆلە بەچری بەردەوامی ئەبێت تا بەرەبەیانی رۆژی ھەینی، دواتر لاواز ئەبێت و قۆناغی دووھەم بەکاتی جیاواز لە ئێوارەی ھەمان رۆژەوە دووبارە دەستپێدەکاتەوە بە چالاکبوونی ھەورە بروسکە و تاوە تەرزە و بارانی بەخوڕ لە سەرجەم ناوچەکان و ناوبەناو تا ئێوارەی رۆژی شەمە ١٧ ی شوبار ئەم قۆناغەش بەردەوامی ئەبێت ، بۆ رۆژانی دواتریش لە یەکشەمەوە ١٨ ی شوباتەوە تا ٢٢ی مانگ لەئەنجامی مانەوەی کاریگەری لاوازی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست لەسەر ناوچەکە ناوبەناو ھەندێک کات بەشێوەی بەھارە ھەورە بروسکە و تاوە باران بەشێوەی پەرشوبڵاو لە شوێنی جیاجیادا چردەبێتەوەو دەبارێت".



PM:04:01:14/02/2024