شه‌پۆلێكی دیكه‌ی بارانبارین ناوچه‌كانی هه‌رێم ده‌گرێته‌وه‌

کەمێک پێش ئێستا بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەی هەرێمی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ڕەوشی کەشوهەوای بڵاوکردەوە و دەڵێت" له‌ نیوەڕۆی ئه‌مڕۆوە شه‌پۆلێكی دیكه‌ی بارانبارین ناوچه‌ جیاجیاكان ده‌گرێته‌وه‌".   

بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێم، ئەمڕۆ ئاسمان هەوری تەواو دەبێت، لە نیوەڕۆشدا شەپۆلێکی تری بارانبارین ڕوو لە ناوچەکان دەکات، سەرەتا بارانبارین لە باکووری ڕۆژئاوای هەرێم دەستپێدەکات و پاشان تەواوی ناوچەکانی تر دەگرێتەوە، باران بەشێوەی بارانی مامناوەند دەبێت هەندێ کات لێزمە باران و هەورە تریشقەشی لەگەڵ دەبێت، ئەو ناوچانەی ئەمڕۆ پێشبینی دەکرێت ئاستی دابارین زیاتر بێت بەراورد بە ناوچەکانی تر بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر وەک (کۆیە و تەق تەق و هیران)، هەروەها بەشێک لە سنووری ئیدارەی گەرمیان ڕۆژهەڵاتی و پارێزگای کەرکوک، هاوکات خێرای با (١٠ – ٢٠)کم دەبێت و مەودای بینین (٦ – ٨)کم دەبێت، پلکانی گەرماش نزیک دەبنەوە لە تۆمارکراوەکانی دوێنێ. 

ئەوەشی خستەڕوو، سبەینێ ئاسمان بەگشتی هەوری تەواو دەبێت، نمە باران و بارانی مامناوەند لە زۆربەی ناوچەکان دەبارێت، هەروەها لە هەندێ کات هەورە تریشقە لەگەڵ دەبێت، پێشبینیدەکرێت لە کاتەکانی شەودا لە ناوچە شاخاوییە سنووریەکان و بەرزەکان بەفر بارینێکی کەم هەبێت، هەروەها خێرای با (١٠ – ٢٠)کم دەبێت و مەودای بینین (٧ – ٩) کم دەبێت، پلەکانی گەرماش (دوو تا چوار) پلەی سیلیزی نزمدەبنەوە.


AM:10:57:16/02/2024