ئاسایش سلێمانی: تۆمەتبارەکەی چەمچەماڵ لە روبەرووبوونەوەدا لەگەڵ هێزەکانمان گیانی لەدەستداوە


دوێنێ گەنجێکی چەمچەماڵ بە گوولە گیانی لە دەستدا، ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەو گەنجە فەرمانی دەستگیربوونی هەبووەو لە رووبەڕووبوونەوەدا لەگەڵ هێزەکانی ئەواندا برینداربووەو دواتر لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستداوە.
لە روونکردنەوەیەکدا کە ئەمشەو ١٦ ی شوبات بڵاویکردەوە ئاسایشی رۆژئاوای سلێمانی دەڵێت " شەوی ڕابردوو ٢٠٢٤/٢/١٦ کاتژمێر (١٢)ی شەو لەسەر فەرمانی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش بە ماددەی (٤٠٥) لەیاسای سزادان، هێزەکانمان بەمەبەستی دەستگیرکردنی داواکراوێک و جێبەجێکردنی فەرمانی دادگا لە قەزای چەمچەماڵ هەوڵی دەستگیرکردنی تۆمەتبار ( عیسا عەلی جبار )درا، دوای ئەوەی داوای لێکرا خۆی بەدەستەوە بدات، بەڵام ناوبراو بەچەکی جۆری (دەمانچە) ڕووبەڕووی هێزەکانمان بووەوە".

لە روونکردنەوەکەدا هاتووە " لەئەنجامی ڕووبەڕوبونەوەکەدا تۆمەتبار بە برینداری دەستگیرکرا و ڕاستەوخۆ گوازرایەوە بۆ فریاکەوتنی (نەخۆشخانەی شەهید پێشڕەو)، دواتر گیانی لەدەستدا".

" ئەو چەکەی لە ڕووبەڕوبونەوەکەدا تۆمەتبار بەکاریهێنابوو دەستی بەسەرداگیرا. عیسا عەلی پێشینەی تاوانی هەبووە و بەر لە سێ مانگ لەلایەن هێزەکانی ئاسایش دەستگیرکراوە بە تاوانی تەقەکردن و نانەوەی پشێوی و هەڕەشەکردن لە هاوڵاتیان و هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت بۆ ئەم مەبەستە ڕووبەڕووی یاسا کراوەتەوە، دواتر دادگا بە کەفالەت ئازادی کردووە".( ئاسایشی رۆژئاوا رایگەیاندووە).

 لە درێژەی روونکردنەوەکەدا هاتووە " تۆمەتبار بۆ دزیکردن لەشەودا چۆتە سەر خوێندنگەی (فەقێ قادر) لەگەڕەکی ئازادی چەمچەماڵ. تۆمەتبار بەردەوام بووە لە هەڵگرتنی چەکی بێمۆڵەت و تەقەکردن و دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لای هاوڵاتیان، بۆ ئەم مەبەستەش بەڕێوەبەرایەتیمان دوای لێکۆڵینەوە و چاودێری وورد و خستنەڕووی بەڵگەکان بۆ دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، بۆ جاری دووەم فەرمانی دەستگیرکردن بە ماددەی (٤٠٥)بۆ تۆمەتباری سەرەکی (عیسا عەلی) و هاوکارەکەی (ئێڤەرەست محمد توفیق)دەرکرا، لە ٢٠٢٤/٢/١٦ تۆمەتبار (ئێڤەرەست) دەستگیرکرا و دانی بەوەداناوە کە چەندین جار لەگەڵ (عیسا عەلی) لەناو قەزای چەمچەماڵ تەقەیان کردووە و سەرانەیان لە هاوڵاتیان وەرگرتووە.



PM:07:47:16/02/2024