دکتۆر یوسف محەمەد: رژێمی حوكمڕانی دوای راپەڕین شكستی خواردووە

سەرۆكی پێشوی پەرلەمانی كوردستان ئەوەی خستووەتەڕوو" رژێمی حوكمڕانی دوای راپەڕین شكستی خواردووە و و پێویستمان بە بنیاتنانی سیستمێکی سەردەمیانەی نوێ ھەیە".

د. یوسف محەمەد سەرۆكی پێشوی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم  رایگەیاندووە" دەستخۆشی و پێزانین بۆ ھەمو ئەو بەڕێزانەی بەشدار بون لە داواکانی تایبەت بە موچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی ھەرێم کە بەرەنجامەکەی دواجار بڕیاری دادگای باڵای فیدڕاڵی بو بۆ بنەجێ کردنی بانکی «توگین»ی موچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و دور خستنەوەی پرسی موچە و قوتی خەڵک لە ململانێ بێکۆتاییەکانی نێوان دەسەڵاتی ھەرێم و بەغدا".

یوسف محەمەد  وتیشی" ئەو چارەسەرەی ئەمڕۆ دادگای ناوبراو بڕیاری لەسەردا، باشترین چارەسەرە بۆ ھاوڵاتیانی ھەرێم لەم دۆخەی ئێستادا و، لە ھەمان کاتیشدا دەرەچەیەکی باشە بۆ دەسەڵاتدارانی ھەرێم بەتایبەت پاش شکستی ئابوریی وابەستە «ئەوەی پێی ئەوترا ئابوریی سەربەخۆ» و شکستی حوکمڕانیی ئێستای ھەرێم لە دابین کردنی موچە لە ماوەی نۆ ساڵی رابردو. بۆیە ھیوادارم دەسەڵاتدارانی ھەرێم بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگا وەک دەرفەت ببینن و کێشەی بۆ درست نەکەن."

" لە مێژ بو ھاوڕێیانمان لە ھاوپەیمانیی ھیوای پێشو لە خولی پێشوی ئەنجومەنی نوێنەران و لە ماوەی ساڵی رابردوش لەگەڵ چەند ھاوڕێیەک جەختمان لەسەر ئەوە ئەکردەوە کە بنەجێ کردنی موچە باشترین چارەسەرە بۆ دۆخی موچەخۆرانی ئێستای ھەرێم و، ھیچ رێگڕێکی دەستوری لەبەردەمی نییە. پێم وایە دوای بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگا ئەم پرسە لە ھەمواری یاسای بودجەش جێگیر ئەکرێت"( یوسف محەمەد وتی).

سەبارەت بە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند"  بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای باڵای فیدڕاڵی دەرەنجامی بنبەستی سیاسیی ھەرێم و نەمانی شەرعییەتی کۆی دامەزراوەکانی و پشتگوێ خستنی ھەمو دەنگە دڵسۆزەکان بو بۆ ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن و ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پاک و سەرلەنوێ داڕشتنەوەی دامەزراوە شەرعییەکانی ھەرێم. بەڵام ئیتر ئەمجارە بەناچاری ئەبێ رازی بن بەوەی بەسەریاندا ئەسەپێنرێ".

د. یوسف محەمەد دەڵێت" رژێمی حوکمڕانیی دوای راپەڕین شکستی خواردوە و پێویستمان بە بنیاتنانی سیستمێکی سەردەمیانەی نوێ ھەیە".



PM:11:32:21/02/2024