دوای ١٠ ساڵ گەورەترین پاڵەوگەی عێراق کەوتەوە کار

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق ئامادەی سەرلەنوێ دەستبەکارکردنی پاڵاوگەی بێجی كردەوە کە گەورەترین پاڵاوگەی عێراقەو دە ساڵە بەهۆی شەڕی داعشەوە لە کار کەوتووە.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی، بڵاویکردەوە" سەرۆك وەزیران محەمەد شیاع سودانی، پاڵاوگەی شیمالی لە بێجی كردەوە ئەوەش لەدوای نۆژەنكردنەوەی و وەستانی بۆ ماوەی زیاتر لە 10 ساڵ."

لە راگەیاندنەکەدا هاتووە" چیتر عێراق پێویستی بە هاوردەکردنی بەنزین لە دەرەوەی عێراقەوە نامێنێت".

پاڵاوگەی بێجی رۆژانە دەتوانێت ١٥٠ هەزار بەرمیل نەوت بپاڵێوێت.
 
 رۆژی ١٦ی ئابی ٢٠٢٣، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئامێرو پارچە دزراوەكانی پاڵاوگەی بێجی لە هەرێمی كوردستانەوە گەڕێندرانەوە بۆ شوێنی خۆیان كە بەهاكەیان خۆی لە ملیۆنان دۆلار دەدات و بە نزیكەی ١٠٠ بارهەڵگر گەڕێنراونەتەوە".

هەروەها رۆژی 18ی 8ی 2023 وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، ئامێرو پارچە دزراوەكانی پاوڵاگەی بێجی لەچەند گۆڕەپانێكی كەرەستەی پیشەسازی كۆندا بون لە هەرێمی كوردستان و لە ئەنجامی هاوكاری هاوڵاتییەكی دڵسۆز و چەند لایەن و كەسایەتییەكی رەسمی و ناڕەسمی گەڕێندراونەتەوە شوێنی خۆیان بەبێ دانی هیچ بڕە پارەیەك لەبەرامبەر گەڕاندنەوەیان و لایەنە رەسمییەكانی هەرێمیش هاوكارییەكی تەواوی پڕۆسەكەیان كردوە.



PM:02:22:23/02/2024