دوو تیمی ٤١ کەسی وردبینی لە خەرجی‌و داهاتی هەرێمدا دەکەن


دوو تیمی هاوبەشی هەرێم و بەغدا کە سەرجەمیان ٤١ کەسن لە دیوانی چاودێری بەغدا و هەرێم وردبینی لە خەرجی و داهاتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و دارایی هەرێمی کوردستان دەکنە و ئێستا لە هەولێرن.

هێمن حالی، سەرۆکی دەستەی وردبینی لە دیوانی چاودێری هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەک شەممە ڕاگەیاند " تیمی وردبینی فیدراڵی لە ٢٠ کەس پێکهاتوون، تیمی ئێمەش لە ٢١ کەس پێکهاتووە، دواتر گرووپ گرووپ دابەشی سەر وەزارەتەکان دەبن و کارەکانی وردبینی دەکەن".

سەرۆکی دەستەی وردبینی لە دیوانی چاودێری هەرێمی کوردستان، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە وردبینی دوولایەن دەگرێتەوە یەکێکیان هونەرییە، ئەوی دیکەیان بەدواداچوونی ژمارەکانە.

هەردوولا وەکو دوو تیم بەهەماهەنگی بەسەر وەزارەتەکاندا دابەش دەبن، وردبینەکانیش لە داهات و خەرجییەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و وەزارەتی دارایی دەبێت.

 ئەو بەرپرسەی هەرێم وتیشی " هەروەکو لە یاسای بودجەی فیدراڵی ژمارە ١٣ـی ساڵی ٢٠٢٣دا هاتووە، باس لەوە دەکات کە تەرازووی پێداچوونەوەی مانگانە وردبینی بکرێت، هەروەها ئەو شاندە بۆ شەش مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ لێرەن و بەیەکەوە وردبینی دەکەین".



PM:04:40:25/02/2024