زیدان شوێنی داهاتووی مەشق و ڕاهێنانەکانی ئاشکرا دەکات

زێدان ئەستێرەی فەرەنسی، ڕاهێنەری پێشووی یانەی ڕیال مەدرید، خواستی خۆی بۆ گەڕانەوە بۆ ڕاهێنان ڕاگەیاند.

 دوێنێ دووشەممە، لەکاتی بەشداریکردنی لە یەکەمین فیلمی دیکۆمێنتاریی تایبەت بە ژیانی وەرزشی مارچێلۆ لیپی ڕاهێنەری ئیتاڵی، بە ناوی "ئێستا سەردەکەوم"، زیزۆ ئاشکرایکرد کە ئامادەیە پڕۆژەیەکی نوێ قبوڵ بکات.

 ڕۆژنامەی (لۆ پاریسیان)ی فەرەنسی لە زاری زیدانەوە بڵاویکردەوە، دڵنیایە جارێکی تر دەگەڕێتەوە بۆ مەشق و ڕاهێنانەکان، لە درێژەی قسەکانیدا وتی: من ئیتاڵیام خۆشدەوێت و هاندەرانی ئیتاڵیام خۆشدەوێت، حەز دەکەم ڕۆژێک لەوێ ڕاهێنەرایەتی بکەم.

 ئەو لێدوانەی زیدان دوای ئەوە هات کە ناوی زیدان پەیوەندی بە ڕاهێنەرایەتیکردنی چەند یانەیەکی ئەوروپیەوە هەبوو، لەوانە ڕیاڵ مەدرید و یۆڤانتۆسی ئیتاڵی و پاریس سانجێرمانی فەرەنسی و بایرن میونشنی ئەڵمانی.

 جێگای سەرنجە ئەستێرەی پێشووی ڕیال مەدرید و یۆڤانتۆس لە 263 یاریدا وەک ڕاهێنەر سەرکردایەتی "مێرێنگ”ی کردووە، لەو ماوەیەدا 3 نازناوی چامپیۆنزلیگی ئەوروپا و دوو نازناوی خولی ئیسپانی و دوو جامی سوپەری ئەوروپا و هەروەها دوو جامی جیهانی یانەکانی بەدەستهێناوە ، و دوو جامی سوپەری ئیسپانیاش.

 


PM:08:48:27/02/2024