پێدانی پارەی كارەبا و باج و سووتەمەنی بوو بە كارتی ئەلیكترۆنی

بانكی ناوەندی بڕیاریدا لەئەمڕۆوە پێدانی سەرجەم باج و ڕوسوماتەكان و پارەی سووتەمەنی و كارەبا و گومرگ بكاتە كارتی ئەلیكترۆنی بانكیی و بڕی عمولەی دیاری كرد، كە بۆ هەر جارێك ١% دەبێت بە مەرجێك لە ٥٠ هەزار بۆ كەرتی تایبەت و ١٠ هەزار بۆ كەرتی گشتی زیاتر نەبێت.

بانکی ناوەندی عێراق لە گشتاندنێكدا سەبارەت بە پارەدانی ئەلیكترۆنی ئاماژەی بەوەكردووە، لە ڕۆژی ۱ـی ئازارەوە سەرجەم مامەڵەکانی باج و گومرگ و کارەبا و سوتەمەنی و قەرز بەشێوەی کارتی ئەلیکترۆنی دەگەڕێتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی حکومەت و پارەی نەختینە بەکار ناهێندرێت.

ڕاشیگەیاندووە، بەگوێرەی بڕیاری ژمارە ٢٤٠٥٨ـی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێرق بڕیاریدا بە چەسپاندنی مامەڵەی ئەلیکترۆنی لە سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی و دامودەزگاکاندا بۆ گۆڕینی مامەڵەی کاش بۆ ئەلیکترۆنی و پێویستە سەرجەم وەزارەت و دامودەزگاکانی دیکە تا کۆتایی مانگی ١٢ی ئەمساڵ ئامادەکاری بکەن بۆ گۆڕینی مامەڵەکانیان.

بەپێی گشتاندنەكە، عمولەی پارەدانی ئەلیكترۆنی بەڕێژەی ١% دەبێت بەجۆرێك لە كەرتی حكومەتی لە ١٠ هەزار زیاتر نەبێت و لە كەرتی تایبەت لە ٥٠ هەزار دینار زیاتر نەبێت.

جەختیشی كردۆتەوە، كە هەر پارەدانێكی ئەلیكترۆنی لە ٥ هەزار دینار كەمتر بوو هیچ عمولەیەكی لێ‌ وەرناگیرێت


PM:05:56:01/03/2024