لەبارەی دەستگیرکردنی ئافرەتێک کە خۆی بە پزیشکی جوانکاری ناساندوە ڕوونکردنەوە دەدرێت

سەندیکای پزیشکانی لقی هەولێر ڕایدەگەیەنێت" ئافرەتێک له‌ نه‌ته‌وه‌ی عەرەب کە خۆی بە پزیشکی پێست و جوانکاری ناساندبوو دەستگیرکرا". 

‎لە بەیاننامەیەکدا سەندیکای پزیشکانی لقی هەولێر، ئەمڕۆ پێنج شەممە ٧ی ئازاری ٢٠٢٤ رایگەیاند" دوای کۆکردنەوەی زانیاری لە لایەن ئەندامانی لیژنەی پشکنین و بەدواداچوونی سەندیکای پزیشکان لقی هەولێر بە هەماهەنگی بەشی پشکنین و دڵنیایی جۆری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر و هاوکاری قایمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر خولێکی جوانکاری پزیشکی لە یەکێک لە هۆتێلەکانی شاری هەولێر راگیرا". 

بەپێی بەیاننامەکە، خولەکە لەلایەن ئافرەتێکی له‌ نه‌ته‌وه‌ی عەرەب کە خۆی بە پزیشکی جوانکاری ناساندبوو پزیشک نەبووە دەستگیرکراوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، لە ئێستادا رێکاری یاسایی لە بەرامبەردا دەگیرێتەبەر، بەشداربوانی خولەکەش هیچ یەکێکیان پزیشک نەبوون و هەڵگری بڕوانامەی پزیشکی نەبوون و رێپێدانی سەندیکای پزیشکانیشیان نەبووە.


PM:01:46:07/03/2024