سێیەم حزبی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ناوی خۆی تۆمار دەکات

سێیەم حزبی نوێ کە حزبێکی ئیسلامییە و لەلایەن کامیل حاجی عەلی سەرۆکایەتی دەکرێت، ناوی خۆی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمار کرد و بڕیارە سبەی لە تەلاری هۆنەری شاری سلێمانی یەکەم کۆنگرەی خۆی دەبەستێت.

حزبێکی نوێی ئیسلامیی بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە ناوی (پەیوەندیی ئیسلامیی کوردستان) بە  فەرمی ناوی خۆیان تۆمار کردووە و سبەی لە سلێمانی کۆنگرە دەکەن و لە لایەن کامیل حاجی عەلی، یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی پێشووی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستانەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.

محەمەد بازیانی وتەبێژی ئەو حزبە لە لێدوانێکی  رۆژنامەوانیدا رایگەیاندووە" داوایان لێکراوە بۆ هاوپەیمانی، بەڵام بەهۆی " کەمیی کاتەوە هاوپەیمانییان نەکردوو".

وتیشی " لە ١١ی ئادار ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردن لە عێراق مۆڵەتی حیزبەکەمانی واژۆ کرد، هەمان رۆژ بۆ بەشداربوون لە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان حزبەکەمان تۆمار کرد".

محەمەد بازیانی ئاماژەی بەوەشدا کە سبەی کاتژمێر ١١ی  بەیانی لە هۆڵی تەلاری هونەر لە شاری سلێمانی، یەکەم کۆنگرەی خۆیان بە بەشداری زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ ئەندام دەبەستن.
 
بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامیی کوردستان زۆرینەیان پێشتر لە بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان کاریان کردووە و لە دوایین کۆنگرەی حزبەکەدا جیابوونەوە.
 
ئەمە لەکاتێکدایە، بۆ هەڵبژاردنە تاوەکو ئەمڕۆ دوو لایەنی سیاسیی نوێ دروستبوون و بڕیارە بە سەربەخۆیانە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن. ئەوانیش "بەرەی گەل" بە سەرۆکایەتیی لاهوور شێخ جەنگی و "هەڵوێستی نیشتمانی"یە بە سەرۆکایەتیی عەلی حەمەساڵح، و تاوەکو ئەمڕۆ تەنیا دوو هاوپەیمانیی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کراوە.

بڕیارە ڕۆژی ١٠ی حوزەیرانی ئەمساڵ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت کە پرۆسەکە بە سیستمی چوار بازنەی بەڕێوەدەچێت و لایەنەکانی هەرێم کێبڕکێ لەسەر (١٠٠) کورسی پەرلەمان دەکەن و کۆمسیۆنی عێراقیش سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکە دەکات



PM:05:59:15/03/2024